لە شاری دەڕەدرێژی کرماشان بۆ یەکەم جار ڕێوڕەسمی کرانەوەی کتێبخانەی کوردی بە بەشداری نووسەران، مامۆستایانی زمانی کوردی، هونەرمەندان و کەسایەتییە فەرهەنگی و کۆمەڵاتییەکانی پارێزگای کرماشان و هەموو شارەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵێک کە بە دەستی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی بەشکۆی کرانەوەی کتێبخانەی شاری "دەڕەدرێژ"ی کرماشان بە بەشداری خاوەن قەڵەم و نووسەران، شاعیر و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە فەرهەنگی و دیارەکانی پارێزگای کرماشان و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا کتێبخانەکە لەلایەن شاعیر و نووسەری کوردستان خاتوو "موژگان موزەفەریـ"ـیەوە کرایەوە.
بەپێی ئەو هەواڵە، کرانەوەی کتێبخانەی کوردی لەو شارە دڵخۆشی خەڵکی شاری دەڕەدرێژ و خەڵکی فەرهەنگدۆستی ئەو دەڤەرەی لێکەوتووەتەوە و پێشوازییەکی گەرم و بەشدارییەکی چالاکانەیان لەو ڕێوڕەسمەدا بووە.
هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا خاتوو "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراوی کوردستان بەشداریی کردووە و لە بڕگەیەکی ئەو ڕێوڕەسمەدا ڕوو لە بەشداربووران و بەنیسبەت گرینگیی فێربوون و ئاخافتن بە زمانی دایکی و کرانەوەی وەها کتێبخانەیەک دوا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەند "مەجید زارعی"، مامۆستای دیاری تەنبوورژەنی، بە تەنبوور و هونەرەکەی پشتیوانیی خۆی لەو هەوڵە کلتوورییە دەربڕیوە.
هەروەها خاتوو "پەردیس سۆغرا" یەکێکی دیکە لە هونەرمەندانی یارسانی بە تەنبوورەکەی ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندووەتەوە.
شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا زۆربەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا سەرەڕای بەرزنرخاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە لە خەڵکی شاری دەڕەدێژ و فەرهەنگدۆستانی ئەو ناوچەیە، چەند بەرهەمێکی خۆیان پێشکەش بە کتێبخانەکە کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەنجومەنی فەرهەنگی ــــ کۆمەڵایەتیی "داڵەهوویار" سەبارەت بە کرانەوەی کتێبخانەی کوردیی شاری یارسان نشینی دەڕەدرێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی ئەو ئەنجومەنە و هاوکارییەکانی بۆ کتێبخایە ڕاگەیاند و وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە و بەشداربووان پێداگریی لەسەر بردنەسەرەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردەواری و شاری دەڕەرێژ و پێشخستنی کلتووری کتێب خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە.