کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکەوتە ئابووری و ئەمنییەتیییەکانی پشتیوانیی ئێران لە گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچە

10:50 - 25 خەزەڵوەر 2725

ڕەحیم نزهت‌زادە

لەم دواییانەدا هەواڵەکان دەریانخستووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ گرووپە بەوەكالەتەكانی لە لوبنان گواستۆتەوە. ئەو سیاسەتە لێكەوتەی ئابووری و ئەمنییەتیی بەرفرەوانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و ژیانی خەڵک دەبێت، و دەرخەری سەرنجی سەرچاوەکانە بۆ ئامانجەکانی کاریگەری ناوچەیی، نەک خۆشگوزەرانیی گشتی.

یەکەم، بابەتی دارایی ملیار دۆلاری و ئامانجەکانی

پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا دەریانخستووە، کە ڕۆڵی گرووپە بەوەکالەتەكان لە سیاسەت و ئاسایشی ناوچەکەدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرچاوتر بووە. یەکێک لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی ئەم ڕەوتە، گواستنەوەی ملیارەها دۆلارە لە هەندێک وڵاتەوە، بۆ گرووپە چەکدارەکان و ڕێکخراوە بەوەکالەتەكان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی یەک ملیار دۆلاری، بۆ گرووپێکی چەکداری لە لوبنان گواستۆتەوە. بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو سەرچاوانە، بۆ چالاکییە سەربازییەکان، بەهێزکردنی کاریگەریی سیاسی و ناوچەیی ئەم گرووپانە خەرج دەکرێن و هەرگیز بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی خەڵکی ئەو وڵاتانەی لەئامانجدا نەبووە.

دووهەم، لێکەوتە ئابوورییەكانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە

دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئەم سیاسەتانە، بەبێ گوێدانە ئامانجە سیاسییەکان، زۆرتر کاریگەری لەسەر خەڵکی ئاسایی هەیە. لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، ئەم جۆرە گواستنەوە داراییانە، دەتوانێت نایەکسانیی ئابووری گەورەتر بکات و فشار لەسەر گرووپە لاوازەکان زیاتر بکات. دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خەڵک بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تەنیا بەشێکن لە کاریگەرییەکانی ئەم سیاسەتانە.

سێهەم، کاریگەرییە ئەمنی و سیاسییەکان

لە ڕوانگەی ئەمنییەوە، پاڵپشتیی دارایی و چەکی بیانی بۆ گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشە لە سەقامگیری نێوخۆی وڵاتان دەکات، توندوتیژی و گرژییە سیاسییەکانیش زیاتر دەکات. کاتێک گرووپە بەوەکالەتەكان، بە سەرچاوەی دارایی دەرەکی بەهێز دەکرێن، ئەگەری دەستوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پێشهاتە نێوخۆییەکانی وڵاتان زیاتر دەبێت. ئەم ڕەوتە بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە مێژوویەکی پڕلە ململانێی نەتەوەیی و ئایینییان هەیە، بنەمای قەیرانی ئاڵۆز و درێژخایەن دروست دەکات.

چوارەم، ڕێگا نافەرمییەکانی گواستنەوەی سەرچاوەکان

تەحەددایەکی تر، ڕێگا ئاڵۆز و نافەرمییەکان بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانە؛ لە بازرگانی کاڵا و نەوتەوە، بۆ بەکارهێنانی تۆڕی ئاڵوگۆڕی فەرمی و نافەرمیی دراو. ئەمەش شەفافیەتی ئابووری کەم دەکاتەوە، هاوكات چاودێریکردنی سووڕی دارایی قورس دەکات. لەم جۆرە بارودۆخانەدا مرۆڤی ئاسایی زۆرترین زیانی پێدەگات، چونکە قەیرانی ئابووری و کەمیی سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ ژیانیان دەخاتە ژێر كاریگەرییەوە.

پێنجەم، کەلێنی نێوان سیاسەت و ژیانی خەڵک

یەکێک لە لێكەوتە گرنگەکانی ئەم سیاسەتانە، پێكهێنانی بۆشاییە لە نێوان ئامانجە دەسەڵاتسەپێنەكان و واقیعە ئابوورییەکانی خەڵکدا. لە لایەکەوە، ئەکتەرە ناوچەییەکان سەرنجیان لەسەر کاریگەری و کۆنترۆڵیان هەیە، لە لایەکی دیکەوە خەڵک ڕووبەڕووی دابەزینی توانای کڕین و زیادبوونی هەژاری دەبنەوە. ئەم دژایەتییە، متمانەی گشتی کەم دەکاتەوە و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ڕاستەقینە دروست دەکات.

شەشەم، پێویستیی گۆڕینی شێواز

ئەزموونی مێژوویی و ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن، کە وەبەرهێنان لە ئاسایشی نێوخۆیی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، زۆر کاریگەرتر و بەردەوامترە، لە خەرجکردنی سەرچاوەکان بۆ پشتگیریکردنی گرووپە بەوەکالەتەكان. داڕێژەرانی سیاسەتی ناوچەیی، دەبێت ڕێڕەوی خۆیان بەرەو بەهێزکردنی ئابووریی نێوخۆیی، شەفافیەتی دارایی و پاراستنی خەڵک ڕێنمایی بكەن. تەنیا لە ڕێگەی ڕێبازێکی لەو شێوەیە، دەتوانرێت بناغەکانی گەشەی بەردەوام، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ڕاستەقینە بەرهەم بهێندرێت.

ئاکامگیری:

پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرووپە بە‌وەکالەتەكان لە ناوچەکە، تەنیا سیاسەتێکە کە ئامانج لێی نفوزی ناوچەییە، کە لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دوورمەودای، بۆ وڵاتانی دراوسێ و ژیانی گەلەکەیان هەیە. گرنگیدان بە گەشەپێدانی بەردەوامی نێوخۆ و خۆشگوزەرانیی گشتی، کلیلی دروستکردنی ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینەیە لە ناوچەکەدا.