کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانە دژ بەیەکەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران لەبارەی پرسی ناوکییەکانەوە

11:56 - 25 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی هەڕەشە و لێدوانە دژ بەیەکەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکایی پێداگرییان لەسەر "دیپلۆماسی پشتئەستوور بە هەڕەشەی سەربازی تەنیا ڕێگەچارەیە" کردووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" لە دووتوێی بابەتێکدا باسی لەوە کردووە کە "هەرچەند لە ڕەوتی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بنکە ناوکییەکان بە تەواوەتی لەنێو نەچوون، لە ئێستادا تەنیا ڕێگەچارە دیپلۆماسیی پشتئەستوور بە هەڕەشەی ڕاستەقینەی لە ڕێگەی زۆر و هێرشی سەبازییەوەیە".

لەو بابەتەی ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست"دا هاتووە کە لەو هێرشەی ئەمریکادا و سنووردابوونی ئەو هێرشە تەنیا کات کڕینی دەوڵەتی ترامپی بەدواوە بوو.

هەروەها سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامە ئەمریکاییە لەو بابەتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە کە هیوامان بە ڕووخانی ڕێژیمێکی گەندەڵ وەکوو کۆماری ئیسلامی بێت، بەڵام ئەو هیوایە ستراتیژیی نییە.

ئەو ڕۆژنامەیە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کە هەڕەشەی ڕاستەقینەی سەربازی لە ڕێژیمی ئێران بکرێت، ڕەوتی گوشارە زۆرینەکان لە دژی ئەو ڕێژیمە درێژەی هەبێت و لە هەمان کاتدا نیشانەی ئامادەیی بۆ دانوستانیشیان بۆ بەڕێ بکرێت.

شایانی باسە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر، ''سی ئێن ئێن'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە سەرەڕای کاراکردنەوەی گوشارە زۆرینەکان و چالاکردنی مێکانیزمی ماشە دژی ڕێژیمی ئێران، تاران بە هاوکاریی چین لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی بنکە ناوکییەکانیدایە.

هەر لەو پێوەندییەدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە نوێترین لێدوانیدا و لە دژکردەوە بە هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا وتوویەتی: "هیچکات دەست لە مافی پەرەپێدانی تێکنۆلۆژیی ناوکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵناگرین".

ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران لە کۆنفڕانسێکدا لەژێر ناوی "مافی نێونەتەوەیی لەژێر هێرش، دەستدێژی و بەرگری" لە تاران وتوویەتی: "پەرەپێدانی تێکنۆلۆژیی ناوکی بەمەبەستی ئاشتیخوازانە و پیتاندن مافی بێ ئەملاولای خەڵکی ئێرانە و هیچکات لەو مافەی خۆمان کەمکاریمان نەکردووە و ناشیکەین".

لێدوانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران کە بە نوێنەرانیەتیی خەڵکی ئێرانەوە داوای پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو دەکات لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران و نەتەوە چەوساوەکانی نێو جۆغرافیای ئەو وڵاتە چەندین دەیەیە دژایەتی و بێزاریی خۆیان لەو ئاکارە شەڕانگێزییانەی ڕێژیمی ئێران دووپات کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی هەوڵی دژەگەلییانەی، ناسەقامگیرکردنی ناوچە، پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی، بەفیڕۆدانی سامانی وڵات و ناردنی بۆ گرووپە چەکدارە تێرۆسییەکانی ناوچەکە خەڵکی ئێرانی برسی کردووە و ڕۆژبەڕۆژ دۆخی ژیانی خەڵک ئەستەمتر دەبێت.