کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی تێچووی ددانپزیشکی؛ دەرمانی دەم و ددان لە ئێران بووتەوە کاڵایەکی لوکس

12:28 - 25 خەزەڵوەر 2725

تێچووی ددانپزیشکی لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە کرێکاران و چینی کەمداهاتی کۆمەڵگە چیتر توانای کڕینی و دانی تێچووەکانیان نەماوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە ٩٠ لەسەد تێچووی ئەو خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆ لە گیرفانی خەڵکەوە دەدرێت؛ لە ئاکامدا بۆ چەندین میلیۆن بنەماڵەی ئێران بژاردەی نێوان دەرمانی ددان و تێچووی ژیان بڕیارێکی قورسە و بووەتە کێشەیەکی گەورە.

لە ساڵانی ڕابردوودا نرخی خزمەتگوزاریی ددانپزیشکی هەڵکشانی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ دروستکردنی ددانی دەسکردی هەردوو لای ددان نێوان ١٥ هەتا ٣٥ میلیۆن تمەن، کیفکردن لە ٩ هەتا ١٢ میلیۆن تمەن و خاوێنکردنەوەی ددان ١٥ میلیۆن تمەن پارەی پێویستە و ئەو تێچووەش بۆ کرێکارێک بە داهاتی ١٦ میلیۆن تمەنەوە بە واتای لابردنی تێچووی تەواوی دەرمان لە سەوەتەی بنەماڵەکەیەتی.

چوونەسەرەوەی چەند لەسەدیی نرخی کەرەستەی پزیشکی، هاوکات لەگەڵ گەڵاڵەکەلێک وەکوو "داروویار" تێچووی دەرمانی نزیک بە ٧٠ لەسەد گرانتر کردووە و گوشارەکانی بۆ سەر زۆربەی خەڵکی ئێران چەندقات زیاد کردووە.

کارناسان چوونەسەرەوەی نرخی دەرمانیان بە کەمبوونەوەی توانای کڕین و ناکارامەیی بیمە گەڕاندووەتەوە چونکە بیمەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی پێویست وەکوو دەمارکێشی، کیفکردن، ئیمپۆزیتیان نییە و بیمەکانی خانەنشینانیش تەنیا ٢ هەتا ٥ میلیۆن تمەن لە تەواوی تێچووەکان قەرەبوو دەکەنەوە.

لێکەوتەی ئەو دۆخە ڕوونە؛ زیاتر لە ٧٠ لەسەد خەڵکی ئێران توانای دەرمانیان نییە و نزیک بە ٤٠ لەسەد تەنیا کاتێک سەردانی پزیشکی ددان دەکەن کە ددانیان بکێشن.

پسپۆڕان هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی ئەو ڕەوتە بووەتە قەیرانێکی گشتگیر بەڵام هەروەها هیچ بەرنامەیەکی شوێندانەر و کردەیی لەلایەن دەوڵەت و ناوەندە بیمەییەکانەوە ناخرێتە ڕوو.

شایانی باسە دەم و ددان وەکوو ئەندامێکی گرینگی کۆئەندامی لەشی مرۆڤ دێتە ئەژمار کە بەهۆی ئەوەی یەکەمین ئەندامی ئەو کۆئەندامەیە و هەموو خواردن و خواردنەوەیەک لەو ئەندامەوە دەچێتەوە لەشەوە لە ئەگەری خەراپبوون و چڵککردندا ئەوا هەموو ئەندامانی لەش دەگرێتەوە و مرۆڤ تووشی چەند نەخۆشی دیکە دەکات و تەندروستیی گشتی دەخاتە مەترسیییەوە.