دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی مەسعوود جامعی، عەلیڕەزا مورداسی دوو هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز و فەرشاد ئێعتمادی فەر لە پارێزگای کۆهگیلویە و بویرئەحمەد پشتڕاست کردەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کارون ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی کە ئەم حوکمانە لە ڕێگەی پارێزەرانی دۆسیەکە و سیستمی سێنا پێیان ڕاگەیەندراوە.
هەر لەو دۆسیەیەدا، پیشتر دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی سامان حورمت نژاد ١٢ ساڵ و داوود حورمت نژاد ١٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کارون، پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە بە خێرایی نائاسایی و تایبەت بەڕێوە چووە.
مەسعوود جامعی، عەلیرەزا مورداسی و فەرشاد ئێعتمادی فەڕ کە ئێستا لە بەندی ٥ی زیندانی شیبان لە ئەهواز ڕاگیراون، لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەهواز هەرکامیان حوکمی دوو جار لەسێدارەدان و ساڵێک بەندکرانیان بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەو سێ کەسە تۆمەتەکانی وەک " افساد فی الارض "، "ئەندامیەتی لە گرووپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام " و "کۆبوونەوە هاندانی خەلک"یان بەسەردا سەپاوە
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کارونیان ڕاگەیاندووە کە دادگاییکردنی ئەم سێ کەسە لەگەڵ پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بووە، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، گوشارە ئەمنییەکان و دانپێدانانی زۆرەملێ.