گەڵاڵەی شیری بەخۆڕایی کە هەموو ساڵ وەکوو یەكێک لە بەرنامە پشتیوانییە خۆراکییەکانی قوتابییان ڕادەگەیەندرێت، ئەمساڵ لە هەمان کاتدا وەکوو هەمیشە ڕاگیراوە.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بەڵێنی دابوو کە لە ڕێکەوتی ٢٤ خەزەڵوەردا بڵاوکردنەوەی شیر لە هەموو قوتابخانەکان دەستی پێ دەکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان نیشان دەدات ئەو بەلێنییە تەنیا لە چوار پارێزگای لوڕستان، خووزستان، گیلان و زەنجان بەکردەیی کراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەدا ئەو بەڵێنییانە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری کۆمیتەی شیری میللیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی جیهادی کوشتوکاڵ هەتا ئێستا ئامادە نییە لە کۆبوونەوەیەکدا هۆکاری پێنەدانی شیر بە قوتابخانەکان شی بکاتەوە. ئەو پرسیارە جیددییە دروست دەبێت کە چۆن دەکرێت بەبێ هاوئاهەنگیی سەرەتایی دەسپێکی گەڵاڵەیەک بە شێوەی فەرمی ڕابگەیەندرێت؟ ئەوە نیشانەی ناتەباییە، نیشانەیەکی ڕوونی بەڕێوەبەریی ناکارامە و ڕاگەیەندراوی بەپەلەی لە ئاستی بەڕێوەبەریی باڵادایە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی پیشەسازیی شیرەمەنی لەو بارەوە بەرپرسیارەتیی ئەو کێشەیەی خستە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و چوونەسەرەوەی نرخی شیری خاوی بۆ بڵاوبوونەەوەی نەخۆشی مەڕوماڵات و چەندین جار دواکەوتنی چەند گرێبەستی وەکوو هۆکاری کەمکارییەکان لە قەڵەم داوە.
لە ئاکامی نەگرتنە ئەستۆی بەرپرسیارەتی و نەبوونی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەت و بەرپرسانی ڕێژیم قوتابییان و منداڵانی لە ئێران لە وەرگرتنی ئاساییترین مافی پشتیوانیی خۆراکی بێبەش دەبن؛ گەڵاڵەیەک کە گرێ دراوە بە تەندروستیی منداڵانەوە و قوتابییان بوونەتە قوربانیی ناکارامەیی و لاوازیی بەڕێوەبەریی وەزارەتخانە و بەرپرسانی ڕێژیم.