کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕی "خزمەتێک بە بارستایی تەمەن"، کۆڕیادی ڕێزگرتن لە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە واشنگتۆن

22:55 - 25 خەزەڵوەر 2725

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست لە واشینگتۆن (مێراو) بە مەبەستی ڕێزگرتن لە تەمەنێک خزمەتی پڕلەشکۆی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبیی دیاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆڕیادێکی لەژێر ناوی "خزمەتێک بە بارستایی تەمەن"دا بەڕێوە برد.

ئەم کۆڕیادە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر (١٥ی نۆڤامبر) لە واشینگتۆن بەڕێوە چوو و، ھاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی مامۆستا حەسەن‌زادە. لە سەرەتاشدا سەیران شەڕەفی، بەڕێوەبەڕی کۆڕیادەکە ڕایگەیاند کە مەبەست لە گرتنی ئەم کۆڕیادە جگە لە ڕێزگرتن لە کەسایەتیی مامۆستا ئەوەیە کە تێیدا باس لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بکرێ و نەوەی نوێ بتوانێ ڕاستەوخۆ و وردتر لەم ڕەھەندانە بڕوانێ.

لە بڕگەی یەکەمی کۆڕیادەکەدا ویدیۆیەک پێشان درا کە تێیدا کۆمەڵێک لە ھاوسەنگەران و ھاوڕێبازانی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کە لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوون،  لە ڕوانگەی خۆیانەوە باسیان لە کەسایەتیی مامۆستا حەسەن‌زادە دەکرد. مستەفا مەولوودی، محەممەدنەزیف قادری، حەسەن ڕستگار، سمایل بازیار، حەسەنی شەرەفی، خەدیجە مەعزووری ، عومەر باڵەکی، مستەفا شڵماشی، باباعەلی مێهرپەروەر و گوڵاڵە شەرفکەندی ئەو بەڕێزانە بوون کە لەو ڤیدیۆیەدا لەسەر کەسایەتیی مامۆستا حەسەن‌زادە دوابوون.

لە بڕگەی دواتری کۆڕیادەکەدا ناسر باباخانی، بەرپرسی ناوەندی میراو وتارێکی پێشکەش کرد لەژێر سەردێڕی "فرەڕەھەندی و شوێندانەری" و لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە ھەندێک کەسایەتیی تایبەت لە مێژووی سیاسەت و ئەدەبی کوردیدا ھەن کە دەکرێ بە نەوەیەکی زێڕینیان ناودێر بکەین. بەڕێزیان بە ئاماژە بەوە کە مامۆستا ھەژار، مامۆستا ھێمن و مامۆستا زەبیحی وەچەیەک لەو نەوە زێڕینەی کوردن، گوتی لە وەچەی دواتر دەبێ ئاماژە بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بکەین و هەموو ئەو بلیمەتانە کەسایەتیی فرەڕەھەند بوون و ئەو فرەڕەھەندییە و قووڵایی ڕەھەندەکانیان لەنێو کۆمەڵگەدا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب، سیاسەت و ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیریدا دەبێتە ھۆی سازبوونی ڕەوت یان شەپۆلێکی فکریی گرینگ لە کۆمەڵگەدا. ناسر باباخانی بە ھەڵکڕاندنی ئەو ڕەھەندانە لە ژیان و ئاسەواری مامۆستا حەسەن‌زادە ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێ تەواوی ئەو ئایتێمانە لە بۆچوونەکانی بیرمەندێکی ئاوانگاردی وەک "گرامشی"دا، واتە سێ چەمکی ھێژێمونی، بلۆکی مێژوویی و ھەروەھا ڕووناکبیریی ئۆرگانیک بە شێوەیەکی تەتابوقی لەنێو ئاسەوار و ژیانی مامۆستا حەسەن‌زادەدا بدۆزیەوە و ئەوە بۆتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی مامۆستا لەنێو جیلە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا شوێن‌پەنجەی بە تەواوەتی دیار بێ.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا ڤیدیۆیەک پێشان درا کە لەودا چەند ئەکادیمیسییەنێکی باشووری کوردستان باسیان لە ڕۆڵ و پێگەی بەرزی ئەدەبیی مامۆستا حەسەن‌زادە کردبوو کە توانیویەتی پردێکی پێوەندیی پتەو لە نێوان نووسەران و ڕووناکبیرانی شەش دەیەی ڕابردووی کورد لانیکەم لە دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا هەڵبەستێ. دوکتور کوردستان موکریانی، مامۆستا مومتاز حەیدەری، دوکتور شوکرییە ڕەسووڵ، دوکتور عوسمان دەشتی و مامۆستا ئازاد عەبدولواحید  ئەو نووسەر و ئاکادیمیسیەنانە بوون کەو ڤیدیۆیەدا لەسەر پێگەی ئەدەبیی مامۆستا دوابوون.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا جەلیلی ئازادیخا، وتەبێژی کوردانی نیشتەجێی ئەمریکا (کەی ئەی سی) وتارێکی لەسەر پێگەی سیاسی و ئەدەبیی مامۆستا حەسەن‌زادە و شوێن‌پەنجەی لەسەر ڕووداوە سیاسی و ئەدەبییەکانی نیوسەدەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکێش کرد. لە بڕگەی کۆتایی کۆڕیادەکەشدا پەیامی ڤیدیۆیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بڵاو بۆوە کە جگە لە دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆڕیادە، باسێکی لەسەر گرینگیی ئاوڕدانەوەی هەمەلایەنەی هەمووان لە بابەتی گرینگی زمانی ستاندارد و یەکگرتووی کوردی کردبوو.

شایانی باسە لەم کۆڕیادەدا کە زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، شاندەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا، مەڵبەندی واشنگتۆنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ناوەندی کوردانی ئەمریکا بەشدار بوون.