کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارە لانیزۆرییەکانی ترامپ لە دژی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە

11:42 - 26 خەزەڵوەر 2725

دۆناڵد ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ڕێژیمی تاران باسی لەوە کردووە کە کۆماریخوازان لە هەوڵی داڕشتنی گەڵاڵەیەکن کە ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕووسیە بازرگانی دەکەن، سزا بدات و ئەگەری هەیە ئەو سزایانەش ڕێژیمی ئێران بگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گەڵاڵەی نوێی سزاکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە ڕایگەیاند: "ئەو گەڵاڵەیە پێشنیاری من بووە و پشتیوانیی تەواوی لێدەکەم و هەر وڵاتێک لەگەڵ ڕووسیە مامەڵە و بازرگانی بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕوویتێرز"، ترامپ لەو کۆبوونەوەدا بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی بەکردەیی کردنی ئەو سزا نوێیانە وتوویەتی: "ئەگەری زۆرە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی وڵاتانی دیکە لەنێو پێڕستی ئەو سزا نوێیانەدا بێت".

بەپێی زانیارییەکان، لەو گەڵاڵەیەدا ڕێگە بە دەوڵەتی ترامپ دراوە کە ئەو وڵاتانەی بەرهەمی وزەی ڕووسیە دەکڕن و لەبەرانبەر بەرگریی لە ئۆکرایندا چالاکانە بەشدار نەبوونە، سزای سەروو ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری لەبەرچاو گیراوە.

هەرکام لە وڵاتانی چین و هێند لە بەکارهێنەرانی سەرەکیی وزەی ڕووسیەن و زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپاییش سەرەڕای هەوڵدانی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی کڕینی بەرهەمی وزە لە ڕووسیە بەتایبەت لە دوای هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراین، هێشتاش لە کڕیارانی نەوت و گازی ڕووسیە بە ئەژمار دێن.

شایانی باسە لە ماوەی سەرۆککۆماریی جۆ بایدێن و دۆناڵد ترامپدا زیاتر لە شەش بڕیاری جێبەجێکاریی سزا و گەمارۆ لە دژی ڕووسیە گیراوەتە بەر.

دۆناڵد ترامپ لەڕێگەی گوشار و ڕەچاوکردنی سزاکان دژی ڕووسیە، هەوڵ دەدات ڤێلادێمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە ناچار بە ڕاکێشانی بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ڤێلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین بکات.