فەرەیدوون ڕۆستەمی، هاوونیشتمانی خەڵکی مەریوان و کارمەندی شارەداریی شارۆچکەی کانیدینار، بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بنکەی چاودێریی (حەراسەت) شارەوانیی ئەو شارەوە، خۆی سووتاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، فەرەیدوون ڕۆستەمی خاوەن بڕوانامەی کارناسی و ٦ ساڵ پێشینەی کار لە شارەداریی کانیدینار دوای ئازار و ئەشکەنجە و هەڕەشەی بەردەوامی حەراسەتی شارەداریی ئەو شارەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
بەپێی زانیارییەکانی "هەنگاو"، پاش ئەو ڕووداوە، هاوکارەکانی ناوبراو بە کەپسوولی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە بکووژێننەوە و ناوبراو لە مردن ڕزگاری بکەن، بەڵام هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و لە ترسی بڵاوبوونەوەی ئەو کارەساتە و لەکاردانەوەی خەڵک، ڕێگرییان بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی هەنگاو، فەرەیدوون ڕۆستەمی بەهۆی گوشار و سووکایەتی پێکردنی بەردەوامی بەرپرسی حەراسەتی شارەداری کانی دینار و کچی ئەندامێکی ناوەندە بەناو ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە مەریوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
جێگای باسە کە فەرەیدوون ڕۆستەمی، خاوەن بڕوانامەی کارناسی و شەش ساڵ پێشینەی کار لە نووسینگەی (دەبیرخانە) شارەداری کانیدینار بووە و شەش مانگ پێشتر بە هۆی زەخت و گوشارەکانی بەرپرسی حەراسەتی شارەدارییەوە لە لەسەرکار دەرکرا بوو و پاشان بەهۆی نالەباریی دۆخی ئابوورییەوە ناچار بووە کە منداڵەکەی لەبار بەرێت و دیسان بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.