سەرەڕای بوونی ئاگربەستی دوولایەنە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، ئەرتەشی ئیسرائیل رایگەیاند فەرماندەیەکی حیزوڵڵای لە هێرشێکی دڕۆنی شەوانەدا لە باشووری لوبنان کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فەرانسە" ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی هێرشێکی شەوانەدا، "محەممەد عەلی شۆوەیخ" یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵلای لە نزیکی ئاوایی مەنسووری لە باشووری لوبنان و لە دووریی ١٠ کیلومیتری سنووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل لەو ڕاگەیەندراوەدا "محەممەد عەلی شۆوەیخـ"ـی وەکوو نوێنەری حیزبوڵڵا لە کاروباری ماڵی و سەربازیی لە ناوچەی باشووری لوبنان ناساندووە و لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەرکی شۆوەیخ پێوەندیی نێوان حیزبوڵڵا و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە کاروباری ئابووری و سەربازی بووە".
هەروەها ڕۆژنامەی "تایمز ئیسرائیل" لە زاری ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە نووسیویەتی: "محەممەد عەلی شۆوەیخ لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنی هێرشی شەوانەی لە باشووری لوبنانی ڕێک دەخست".
ئەرتەشی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵا هەوڵی دەسبەرسەرداگرتنی ماڵی خەڵکی دەکرد و لەو ڕێگەیەوە یارمەتیی ماڵیی ئەو گرووپەی دەدا".
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی لوبنان پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کەسێک لە ئاوایی مەنسووری کوژراوە و کوژرانی ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵای پشتڕاست کردەوە.