لە ٨هەمین ساڵوەگەڕی بوومەلەرزەی کارەساتباری کرماشاندا کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاخەوانانی شارەکانی قەسری شیرین، گێڵان، شاباد، داڵاهۆ و سەرپێڵ زەهاو بە خانەخوێیی گرووپی شاخەوانیی شاری "سەرپێڵ زەهاو" لە هەڵمەتێکی شاخەوانیدا و بە چوونەوەسەر شاخی "شانشین" یادی ئەو کارەساتە و گیانلەدەستداوانیان بەرز ڕاگرت و ئەمەش دانگدانەوەی بەربڵاوی خەڵکی لێکەوتەوە.
بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، سەرەتای ئەو هەڵمەتە شاخەوانییە بە دروستکردنی زنجیرەی مرۆیی لەلایەن بەشداربووانەوە بۆ سەر شاخی شانشین دەستی پێکرد و بەڕێوەبەرانی ئەو هەڵمەتە بە گۆرانی و مۆسیقا لە سەر ئەو شاخە یادی ئەو کارەساتەیان بەرز ڕاگرت و لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە.
شایانی باسە لەو هەڵمەتەدا گۆرانی وتنەوەی کچە هونەرمەندی گۆرانیبێژ "ڕەها ئەفزەلی" لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و ڤیدیۆکەی بەلێشاو لەنێو خەڵک و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.
"ڕەها ئەفزەلی" هونەرمەندی ناسراوی دەڤەری کرماشانە و لەنێو بنەماڵەیەکی هونەرمەندپەروەر گەورە بووە و لە زۆر هەڵمەتی لەو چەشنەدا چالاکانە بەشداری کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کرماشان، بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگڵەی سەر بە سەرپێڵیزەهاو ڕووی دا کە گەورەیی و بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە بە ڕادەیەک بوو کە ە چەندین وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەستی پێ کرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژران و بریندار بوون و ساڵانە لەلایەن چین و توێژەکانی کوردستانەوە یادی ئەو کارەساتە دەکرێتەوە.