کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ئابووری: هەڵاوسان لە ئێراندا هەتا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە ٦٠ لەسەد

15:59 - 11 خەزەڵوەر 2725

ئاماری هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەژێر سێبەری دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە ئاستی ٥٠ لەسەدیی نزیک دەبێتەوە و ئابووریناسان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە، خەڵکی ئێران هەڵاوسانی ٦٠ لەسەدی ئەزموون دەکەن.

ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاینـ"ـی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "ئامارە فەرمییەکان دەرخەری کارەساتی ئابووری، دۆخی ناسەقامگیر و ئەوپەڕی لاوازیی بەڕێوەبەریی دەوڵەتی پزشکییان لە پێشگرتن بە هەڵاوسان و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە نالەبارەی ئابوورین".

ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم بەئاماژەدان بە گرانی و چوونەسەرەوەی ڕۆژ بە ڕۆژی هەموو پێداویستییەکان لە ئێران، باسی لەوە کردووە: "سەرەڕای  گرانی و هەڵاوسانی هەموو پێداویستییە پێویستەکان، نرخی خواردن و خواردنەوەکان زۆرتر لە هەموو کەرەستە و پێداویستییەکانی دیکە گرانتر بووە".

لەو ڕاپۆرتەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە "بەربڵاویی هەژاری" داوێنی خەڵکی بێدەرەتانی ئێرانی گرتووە و سەرەڕای ئەوەی ئامارە فەرمییەکان هەڵاوسانی ٣٠ لەسەدییان ڕاگەیاندووە، بەدواداچوونە نوێیەکان دەرخەری ئەوەن کە ئامارەکان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترن".

هەر لەو پێوەندییەدا "ڕەحمەتوڵڵا نەورۆزی بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لەوبارەوە وتوویەتی: "هەڵاوسان و دۆخی ئابووریی ئێران لە ئاستێکدایە کە ئەگەر کرێکار یان کارمەندێک لە مانگدا، تەنیا ٤٥ میلیۆن داهاتی هەبێت، یانی لەژێر هێڵی هەژاریدایە".