کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند سمایل شەیدا کۆچی دوایی کرد

10:03 - 27 خەزەڵوەر 2725

هونەرمەند سمایل شەیدا، هونەرمەندی خەڵکی کۆیە کە سروودی "بژی دێموکرات" بە دەنگی ئەو تۆمار کرابوو، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا لە هانۆڤێری وڵاتی ئاڵمان بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند سمایل شەیدا ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە شاری کۆیە لەدایک بوو. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری هونەر و ئاوازی کوردی بوو و چالاکییەکانی لە بنکەی لاوانی کۆیە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەست پێکرد. دامەزراندنی تیپی مۆسیقای حاجی قادری کۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی دیکە لە یەکەم کارە بەرچاوەکانی هونەرمەندی تازەلاو سمایل شەیدا بوو. سمایل شەیدا لە قۆناغێکی دیکەی ژیانی هونەریی خۆیدا چووە نێو تیپی مۆسیقای باواجی و لەو تیپەدا دەیان ستران و سروودی بلاوێنی تۆمار کرد.

هونەرمەند سمایل شەیدا هۆگرییەکی زۆری بە حیزبی دیموکرات هەبوو و وەک هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست بەشداریی چالاکی لە بۆنەکانی حیزبی دێموکراتدا هەبوو. "مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات، کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات" یەک لەو سروودە ناسراوانەیە کە بە دەنگی هونەرمەند سمایل شەیدا تۆمار کراوە.

هونەرمەند سمایل شەیدا سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، بەڵام دڵی هەر لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەم حیزبە بوو کە بە سەرمایەی هەموو نەتەوەی کوردی دەزانی. ئەمەش لەوەڕا دەردەکەوێ کە ٧ ساڵ دوای هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ هەتا دواهەناسەی پڕۆفایل و کاوێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەمر سمایل شەیدا هەر وێنەی گڵکۆی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی ناوەختی  هونەرمەند سمایل شەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێ.