بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەهۆی گرانیی لەڕادەبەری پێداویستییە خۆراکییە پرۆتینییەکانەوە، بەکارهێنانی گۆشتی سوور ٦٦ لەسەد کەم بووەتەوە.
ماڵپەڕی "فەراروو"ی سەر بە ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی گرانی و هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوەوە بەکارهێنانی گۆشتی سوور بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەو دۆخەش نیگەرانیی ناوەندە تەندروستییەکان و کارناسانی بواری خۆراکی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئاماری ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم، قۆناغی سەرەتای کەمبوونەوەی گۆشتی سوور دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵەکانی ١٣٧١ هەتا ١٣٩٣ و لەنێوان ئەو ساڵانە نێونجی بەکارهێنانی گۆشتی سوور بۆ بنەماڵەیەکی ئێرانی لە ساڵی ٧١دا ٩٥ کیلۆگرەم لە ساڵدا و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٩٣دا گەیشتووەتە ٤١ کیلۆگرەم.
هەروەها لە قۆناغی دووهەمدا لە ساڵی ١٣٩٣ هەتا ساڵی ١٤٠٢ ڕەوتی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور بەردەوام بووە و لەو ٩ ساڵەدا ئاستی بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ٤١ کیلۆگرەمەوە گەیشتووەتە ٣٢ کیلۆگرەم لە ساڵدا.
لە بازاڕی ئێستای ئێراندا نرخی گۆشتی سوور لە هەندێک شاردا کیلۆی زیاتر لە یەک میلۆن و ١٠٠ هەزار تمەن و لە هەندێک جێگەی دیکەدا لە یەک میلیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن زیاتر تێپەڕیوە و زۆربەی خەڵکی ئێران توانای کڕینیان نەماوە.
گۆشتی سوور بە یەکێک لە پێداویستییە خۆراکییەکانی مرۆڤ بە ئەژمار دێت و نەبوونی لە ژەمەخۆراکی ڕۆژانە و حەفتانەدا تەندروستیی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە و لە ئاکامدا بەکارنەهێنانی تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.