کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان ؛گەورەشارێک بەبێ بوونی تەنانەت یەک شاری یاری و کەرەستەی سەرگەرمکەر

23:45 - 27 خەزەڵوەر 2725

گەورەشاری کرماشان بە یەک میلیۆن کەسەوە لە لانیکەمی ژێرخانەکان و کەرەستەی سەرگەرمی بێبەشە و تەنانەت یەک شاری یاریشی بۆ خۆشگوزەرانی لێ نییە.

کرماشان وەکوو گەورەترین شاری کوردستان سەڕەرای گەورەیی و حەشیمەتی زۆر، لە لانیکەمی کەرەستەکانی سەرگەرمی بێبەش بووە و تەنیا شاری یاری ئەم شارەش لەبەر ناکۆکیی شارەوانی و وەبەرهێنەرەکەی زۆرتر لە ١٠ ساڵە کە داخراوە.

پرۆژەی شاری یاریی کرماشان سەڕەرای ستانداردنەبوون و لەناوچوونی کەرەستەکانی، هەبوونی ململانێ و ناکۆکی لە نێوان شارەوانی و وەبەرهێنەرەکەی و بە دەستووری بەرپرسانی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٤ داخراوە و بە شارەوانی دراوە و داخراوە.

سەڕەرای تێپەربوونی ١٠ ساڵ لە داخرانی تەنیا شاری یاریی کرماشان و وادە و بەڵێنە بێکۆتاییەکان و دووبارەکانی ڕێژیم تا ئێستا هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوە و کرانەوەی دووبارەی نەدراوە و هیچ هەوڵێک بۆ دووبارە وەکارخەستنەوەی نییە.

لەم درێژەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیم لە کرماشان چەن جارێک وادەی کردنەوەی کۆمەڵێک شوێنی بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک داوە بەڵام لەژێر سێبەری لێنەهاتوویی و گرینگینەدان بە ژێرخانەکان، خەڵکی کرماشان ساڵانێکە لە بوونی شۆنێک بۆ کاتبەسەربردنیان و خۆشگوزەرانی و شاری یاری بێبەشن.

پرۆژەی شاری یاریی کرماشان لە ساڵی ١٣٦٨ و بە هاتنی وەبەرهێنەرەکانی بەشی تایبەت دەستی پێ کرد و سەڕەرای تێپەربوونی ٣٦ ساڵ لە کردنەوە و داخستنی دە ساڵەی، کەرەستە و کەلوپەلەکانی ئەم شاری یارییە بەتەواوی ڕزیوە و بۆ کردنەوەی دووبارەی پێویستی بە بوودجە بۆ گۆڕینی کەرەستەکان و دانانی کەلوپەلی نوێیە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێبوونی هەڵ نەگیراوە.