بەرپرسی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە کرد کە نرخی سێهەم بۆ بێنزین دیاری بکرێت، نرخی پێشنیار کراو ٧ هەزار و ٥٠٠ تمەنە بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
ڕەزا سێپەهەوەند وتی: "لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ١٤٠٤دا هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین نییە، ئەم گەڵاڵە نوێیەش ئەگەر پەسەند بکرێت، لە ساڵی ١٤٠٥دا جێبەجێ دەکرێت".
ناوبراو وتی نرخەکانی ئێستای هەزار و ٥٠٠ تمەنی و ٣ هەزار تمەنی وەکوو خۆی دەمێنیتەوە، بەڵام بەپێی ئەو پلانە بەکارهێنانی زیادە بە نرخی نوێ جێبەجێ دەکرێت.
لە کاتێکدا دەوڵەت و مەجلیس هەوڵ دەدەن بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە ئاسایی نیشان بدەن، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە سیاسەتی "ڕاستەقینەکردنی نرخەکان" بە کردەوە هەمان بەرزبوونەوەی قورسی تێچووی ژیانی خەڵکە.
ئەزموونی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ هێشتا لە یادی خەڵکدا زیندووە، کاتێک بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بەنزین بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو و سەرکوتی خوێناوی. ئێستا کە هەڵاوسان و بێکاری و گوشاری ئابووری لە لووتکەدایە، گەڵاڵەی دانانی نرخی سێهەمی بەنزین وەک بەستێنێکی نەرم بۆ بەرزبوونەوەی فەرمیی نرخی سووتەمەنی دێتە بەرچاو.
لە کاتێکدا بەرپرسان باس لە دەستپێوەگرتن و کەمکردنەوەی یارانەکان دەکەن، هیچ پلانێکی ڕوون و کاریگەر بۆ چاکسازی لە پێکهاتەی دابەشکردنی سەروەت و سامان یان کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیی ئابووری ناخرێتە ڕوو. لە جیاتی دانانی نرخی سێهەم ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، بەدیهێنانی دادپەروەری ئابووری و متمانەی گشتییە.