کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتی هیوای دایک، پرۆژەی ڕێژیم بۆ بەرەپێشبردنی گەڵاڵەی جەوانی حەشیمەت

09:47 - 28 خەزەڵوەر 2725

ڕێژیم بە مەبەستی سەرخستنی گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت و بەرزکردنەوەی حەشیمەتی لاوی ئێران، پرۆژەیەکی نوێی بۆ تەماع وەبەرنانی بنەماڵەکان ئامادە کردووە.

شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم بە مەبەستی سەرخستنی گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت، گەڵاڵەی "کارتی هیوای دایک"ی پەسەند کردووە و بڕیارە ئەم گەڵاڵەیە لە بەهاری ١٤٠٥ـەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە وتەی مەرزیە وەحید دەستجێردی، بەپرسی ستادی میللی حەشیمەتی ڕێژیم، ئەم گەڵاڵەیە لە ڕاستای سیاسەتی ڕاسپێردراوی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ئێرانە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەم گەڵاڵەیە بۆ پشتیوانی دارایی و فەرهەنگی لە بنەماڵەکان و بردنەسەرەوەی ئاستی تەندروستیی دایک و منداڵە.

بەپێی زانیارییەکان لە بەهاری ١٤٠٥ـەوە ئەو دایکانەی کە منداڵیان دەبێت ئەم کارتەیان پێ دەدرێت و بۆ ماوەی ٢٤ مانگ، بە شێوەی مانگانە بڕە پارەی ٢ میلیۆن تمەن لەلایەن دەوڵەوتەوە بۆ پێداویستییەکانی منداڵان وەک خۆراک و پۆشاک دەچێتە سەر کارتەکەیان.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئەم کارتە بە هۆکارێکی گرینگی بەهێزکردنی کارامەیی منداڵان دەزانێت و دەڵێ ٨٠ لەسەدی گەشەی مێشک و فۆرمگرتنی دەمارەکانی منداڵ کە هەتا تەمەنی ٢ ساڵان ڕوو دەدەن، لە گرێوی ئەو ٢ میلیۆن تمەنەدایە کە کۆماری ئیسلامی بڕیارە پێیان بدات.

لەلایەکی دیکەشەوە دەستجێردی لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕاسپێردراوی خامنەییدا، پەرژاوەتە سەر خەسارناسیی دابەزینی ئاماری هاوسەرگیری و بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ١٤٠٣دا، ئاماری ١١.٧ میلیۆن کچ و ١٢.٩ میلیۆن کوڕی خوار تەمەنی ٢٠ ساڵ تۆمار کراوە کە هیشتا نەچوونەتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕوونی نەکردووەتەوە کە مەبەست لە کەسانی خوار ئەم تەمەنە کێیە و ئامارە لە چ تەمەنێکەوە دەست پێ دەکات.

بەگشتی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بە منداڵ بە ئەژمار دێن و هاوسەرگیریکردنی ئەم کەسانە دەچێتە چوارچێوەی دیاردەی منداڵ‌هاوسەرییەوە.

پرۆژەی کارتی هیوای دایک هاوشێوەی گەڵاڵەکانی سەردەمی سەرۆکۆماری ئەحمەدینژاد کە بە مەبەستی تەماع وەبەرنانی بنەماڵەکان بۆ وەچەخستنەوە پەسەند کراوە و باس لە یارمەتیی ٢ میلیۆن تمەنی دەکات، ئەویش لە سەردەمێکدا کە بەهای دۆلار بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و ژیانی خەڵک لە بواری ئابوورییەوە تووشی داڕمانێکی ئێجگار بەرچاو بووە، نەک تەنیا هیچ هیوایەک بە بنەماڵەکان نادات بەڵکوو بە پێچەوانە بێزارییان لەو دەسەڵاتەش زیاتر دەکاتەوە.