کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان هاوشێوەی وڵاتانی دیکە لەمەڕ پێشێلکردنی بەڵێنییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران هاتە دەنگ

10:48 - 28 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی ڕەوتی ناڕەزایەتی و هاتنەدەنگی وڵاتانی جیهان لەهەمبەر دەروەستنەبوونی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر بەڵێنییە ناوکییەکانی بە بڕیارنامەی ٢٢٣١، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئاژانس هاتە دەنگ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لەبارەی پرسە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی داهاتووی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکیدا، بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بە بەراورد بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان باسی لەوە کردووە: "ڕاپۆرت و زانیارییەکانی ئاژانس دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی تاران بەڵێنییە بنەڕەتییەکانی خۆی لەوانەش پاشەکەوتی ئۆرانیۆم لە ئاستی پیتێندراوی باڵای پێشێل کردووە".

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی ڕافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوکی نیشانی دەدات کە ڕێژیمی تاران لە ڕەوتی پێشێلکارییە بنەڕەتییە ناوکییەکان بەردەوامە.

ئەو بەرپرسە ئاڵمانییە باسی لەوە کردووە سێ وڵاتی ئورووپایی وەک ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە چەندین جار پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لەقاو داوە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە بووە.

بڕیارە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ئەمڕو چوارشەممە لەسەر هەڵسەنگاندنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆ ببێتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕافائێل گروسی ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر بە ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"ی ڕاگەیاندبوو کە "لە سەرەتای شەڕی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیلدا، ئاژانس نزیک بە ١٢ جار لێکۆڵینەوەی سنوورداری لە ئێراندا بەڕێوە بردووە بەڵام هەتا ئێستاش ئەو ڕێژیمە ڕێگەی بە دەسپێڕاگەیشتن بە دامەزراوە گرنگەکانی وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان نەداوە کە ئەمریکا بە ئامانجی گرتن.