کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرێس تیڤی وەک دەستوپێوەندیی چالاکی کۆماری ئیسلامی لە ئوسترالیا تۆمار کرا

11:52 - 28 خەزەڵوەر 2725

دادستانی گشتیی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە کاناڵی تلویزیۆنی ''پرێس تیڤی'' کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، بە فەرمی لەژێر گەڵاڵەی ڕوونکاریی ڕەخنەی دەرەکی" ئوسترالیا وەک دامەزراوەیەک کە بە نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی کار دەکات، تۆمار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان پرێس تیڤی لە ٢٩ی ڕەزبەردا "ئاگادارییەکی کاتیی ڕوونکاری"ی پێ گەیشتبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر کۆتایی پێ هات، چونکە ئەو کاناڵە نەیتوانی بەڵگەی ڕتکردنەوەی ئەو پۆلێنکردنە لە ماوەی ٢٨ ڕۆژدا بخاتە ڕوو.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ئێستا پرێس تیڤی دەبێ ناوی خۆی لە پۆرتاڵی گشتیی ''FITS'' تۆمار بکات و ڕاپۆرتی وەرزی لەسەر چالاکییەکانی لە ئوسترالیا پێشکەش بکات.

پێبەندنەبوون بە ڕێساکان دەتوانێت سزای زیندانیکردن لە نێوان ساڵێک بۆ پێنج ساڵ، جەریمەکردنی قورس یان لێپێچینەوەی زیاتر بەپێی یاساکانی ئەمنییەتی نیشتمانیی لێ بکەوێتەوە.

پرێس تیڤی سێیەم دامەزراوەیە کە بە ناچاری لەژێر  گەڵاڵەی FITS تۆمار کراوە و دوو دامەزراوەی پێشوو بە ناوەکانی پەیمانگای کۆنفۆسیۆس لە زانکۆی سیدنی و شۆرای ئوسترالیا بۆ بەرەوپێشبردنی یەکگرتنی ئاشتییانە لەگەڵ چین، چینی بوون.