کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە و بە نیزامیکردنی منداڵان

12:27 - 28 خەزەڵوەر 2725

وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵێکی نوێدا و لەپێناو پڕوپاگەندە و پەرەدان بە سیاسەتی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک کتێبی تەبلیغاتی سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی لە قوتابخانەکان بڵاو کردووەتەوە.

لەحاڵێکدا کە دوای تێپەربوونی دوو مانگ لە دەسپێکی خوێندن زۆربەی کتێبە سەرەکییە دەرسییەکان ئێستاش بە دەستی قوتابییان نەگەیشتوون، ڕێژیم خەریکی بڵاوکردنەوەی کتێبگەلێک سەبارەت بە شەڕی ١٢ڕۆژە و چیرۆکێکی خەیاڵی لە سەرکەوتنیان لەم شەڕەدایە.

ئەم کتێبانە لەژێر ناوی "پارێزگاری لە ئێرانمان دەکەین" بۆ هەموو قۆناغەکان ئامادە کراوە و قوتابییان بۆ چالاکییەکانی وەک پشتگیری لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکی، پارێزگاری لە پیتاندنی نێوخۆیی، دروستکردنی ڤیدیۆ بۆ ڕێکلام و تەنانەت نووسینی سێناریۆی هێرشی سایبێری بۆ سەر ئیسرائیل هان دەدات.

لەم کتێبانەدا بە چاپی کاریکاتۆرگەڵێک لە ترامپ و نێتانیاهوو و ڕستەگەلێکی وەک لە شەڕ مەترسن چونکە ڕێبەر لە پشتتانە، هەوڵیان داوە کە کەشی شەڕکەرانە و هەڕەشەی بەردەوام لە مێشکی منداڵاندا ئاسایی بکاتەوە.

سەڕەرای هەبوونی ڕەخنەی بەربڵاو بە نیسبەت کەمیی ژێرخانە پەروەردەییەکان، دواکەوتن لە دابەشکردنی کتێبە دەرسییەکان و قەیرانی مامۆستا، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە کە ئەم کتێبانە بۆ دیاریکردنی ڕاستییەکانی خۆڕاگری و ئاشنابوونی قوتابییان بە دادپەروەری و خۆڕاگری بڵاو کراونەتەوە.

بەڵام چالاکوانانی بواری مافی منداڵان و کارناسانی سیاسی وتوویانە ئەم هەوڵانە لە درێژەی بەنیزامیکردنی قوتابخانەکاندایە، ڕەوتێک کە پێشتریش بە سەفەری نیمچەنیزامی، فێرکاریی تیرهاوێژی، ڕێکلام بۆ ڕاهیانی نوور و پەرەپێدانی چیرۆکگەڵێکی ئەمنییەتی لە کتێبە دەرسییەکان بەهێز کرابوو.  

بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان، هەر چەشنە بەکارهێنان یان فێرکاریی نیزامیی منداڵانی ژێر  ١٨ساڵ قەدەغەیە، هەروەها ئەم هەوڵانە نموونەی ڕوونی گرینگیی پڕوپاگەندەی ئیدئۆلۆژیک بۆ فێرکاری سەرەتایی و گۆڕینی قوتابخانەکان بە ئامرازێکی فێرکاریی نەوەیەکی ژێردەست و ملکەچی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە.