تولسی گابارد، بەرپرسی هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ژێئۆپۆلیتیک و ئاسایشی جیهانیی مەنامەی لە بەحرەین ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران وەک یەکێک لە هەڕەشە ئەمنییە هەرە بەرچاوەکانی ئەمریکا و ناوچەکە دێتە هەژمار.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم، دۆخی ئێستای ئێرانی بە نیگەرانکەر و ناسەقامگیرکەر وەسف کرد.
گابارد وتی کە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ لە خولی دووەمی سەرۆککۆماری خۆیدا وازی لە سیاسەتی گۆڕینی ڕێژێم و بنیاتنانی نەتەوە هێناوە و تەرکیزی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بووە.
بە وتەی ئەو، واشنگتۆن ئێستا هەوڵ دەدات پێش بە تەشەنەسەندنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران بگرێت و پاڵپشتی لە ئاگربەستی لاواز لە غەززە بکات.
بەرپرسی هەواڵگریی نەتەوەیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونی گۆڕانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک هەر دێموکراسیی نەهێناوە، بەڵکوو دوژمنی زیاتری بۆ ئەمریکا دروست کردووە؛ سەڕەڕای ئەمەش ناوبراو زیادی کرد: مەترسیی ڕەفتاری ناسەقامگیرکەری کۆماری ئیسلامی هێشتا جیددییە و پێویستی بە چاودێری و کردەوەی نێودەوڵەتیی هاواهەنگ دەبێت.
لە دوای کارتێکەری ململانێی غەززە، ڕێژیمی تاران چالاکییە ئەتۆمییەکانی پەرە پێ داوە و بە پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا، لە شکڵگرتنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێگر بووە.
ئەم لێدوانە نوێیانە دەریدەخەن کە ئێران نەک تەنیا لە گۆڕەپانی ئەتۆمیدا، بەڵکوو لە پێکهاتەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەشدا بووەتە ناوەندی قەیران و بێمتمانەیی جیهانی.