کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و چالاکییەکانی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"

15:51 - 28 خەزەڵوەر 2725

کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٥٤‌ـەمین حەفتەی چالاکییەکانیدا ڕایگەیاند کە بەندکراوانی ٥٤ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێران جارێکی دیکە بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتەکە و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەردەوامی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو کەمپەینە سەرەڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی خەزەڵوەری ٩٨ کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ژن و پیاو و مێرمنداڵ لەو بزووتنەوە شەهید بوون، جەختی لە بەردەوامیی ڕێبازی خەبات و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەتەواوەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی پێکهاتەیی کردووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە ئەم کەمپەینە لە حەفتەی نوێدا له دۆخێکدا دەستی پێ کرد که هەواڵی پشتڕاستکرانەوەی دووبارەی سزای لەسێدارەدانی "عەلیڕەزا مورداسی، فەرشاد ئێعتمادی‌فەر و مەسعوود جامعی"، سێ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز، جارێکی دیکه نیگەرانییەکان له بەرفراوانبوونی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان پەرە پێ داوە.

لە حەفتەی ڕابردوودا کەسێک لە پێش چاوی خەڵکدا لەسێدارە درا و بەو شێوەیە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە بۆ زیاتر لە ٢٥٠ لەسێدارەدان بەرز بووەتەوە، ئامارێک کە چالاکوانان وەک نیشانەی چڕبوونەوەی توندوتیژیی یاسایی و ئەمنی لە ئێران لە قەڵەمی دەدەن.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە هەتا ئەمڕۆ هاواری بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە و بنەماڵە و چالاکوانانی ٥٤ بەندیخانەی لەخۆ گرتووە، جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە تەنیا پشتیوانی و ناڕەزایەتیی گشتی ڕێگە لە لەسێدارەدان و سەرکوتی زیاتر دەگرێت.

ئەم کەمپەینە داوا لە هاووڵاتییانی سەرانسەری ئێران دەکات لە بەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکاندا بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت دژایەتیی خۆیان لەهەمبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەرببڕن.

هەروەها لەو بەیاننامەدا جەخت لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی ئەو بنەماڵانانە دەکرێتەوە کە حەفتە لە دوای حەفتە لە بەردەم بەندیخانە و ناوەندە بەناو دادوەرییەکاندا لە دژی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئازیزانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە کۆتاییدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشگرتن لە لەسێدارەدان تەنیا لە ڕێگەی هاودەنگی و ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە دەتوانرێت وەدی بێت.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ەوە هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣١٣ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار کراوە کە ٢٥٠ لەسێدارەدانیان لە مانگی خەزەڵوەردا بووە.