بەڕێوەبەری پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی کرماشان ڕایگەیاند: چوار ساڵ لەسەر یەک وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی لەسەدا ٥٠ بووەتە هۆی ئەوەی کە بەنداوی گاوشان، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی کرماشان و گەورەترین بەنداوی ئەو پارێزگایە، ڕووبەڕووی دابەزینی توندی پاشەکەوتی ئاو ببێتەوە.
موجتەبا کەماڵیمەنش، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری تەسنیم لە کرماشان، بە ئاماژەدان بە بارانبارینی کۆتایی پاییز وتی: بەنداوی گاوشان کە گەورەترین بەنداوە لەو پارێزگایەدا، لە ئێستادا لەسەدا ٦٥ی قەبارەی پاشەکەوتی ئەمبارەکانی لەدەست داوە. ئەم بەنداوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی لەسەدا ٤٠ی ئاوی خواردنەوەی کرماشان و هەروەها ئاوی کشتوکاڵی پێک دێنێ ."
ناوبراو ڕاشیگەیاند: پارێزگای کرماشان خاوەنی ١٢ بەنداوە بە دەفرایەتیی یەک هەزار و ٣٤٥ ملیۆن میتری سێجایە، بەڵام ئێستا تەنیا لەسەدا ٤٧ی قەبارەیان پڕ بووە و لەسەدا ٥٣ی بەنداوەکان چۆڵن. لە بەنداوی گاوشانیش لە کۆی گشتی ٢٠٠ ملیۆن میتری سێجا ئاوی بەردەست، تەنها ١٣٠ ملیۆن میتری سێجا دەتوانرێت بەکار بهێنرێت.
هەروەها ناوبراو وتی: لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەمساڵ بینەری نزمترین ئاستی ئاوی بەنداوی گاوشان بووین، چونکە چوار ساڵ لەسەر یەک وشکەساڵی بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە و ناوچەی حەوزی بەنداوی گاوشان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەبووە.
کەماڵیمەنش بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی شێوازی بەکاربردن، زیادی کرد: "چاوەڕوان دەکرێت جووتیاران بەپێی مۆڵەتە دەرچووەکان کار بکەن، ڕەچاوی شێوازی چاندن بکەن و لە چاندنی ئەو بەرەوبوومانەی کە پێویستی بە ئاوی زۆرە دوور بکەونەوە. پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی بەکاربردن و دڵسۆزیی هەموو خەڵکی پارێزگاکە دەکرێت".
ناوبراو بە ئاماژە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا وتی: شارەزایان کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارینیان لە نێوان سەدا ٣٠ بۆ ٥٠ مەزەندە کردووە، ئەگەر هەر هاووڵاتییەک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و ئاو پاشەکەوت بکات، دەتوانرێت قەبارەیەکی بەرچاو لە ئاو پاشەکەوت بکرێت و خۆڕاگریی پارێزگاکە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بەردەوامدا زیاد بکرێت.
بەڕێوەبەری پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی کرماشان وتی: بەنداوی گاوشان هێشتا سەرچاوەیەکی ژیانی ئاو بۆ پارێزگاکەیە، بەڵام پاشەکەوتی ئاو لە هەموو کاتێک کەمترە و پاراستنی ئەم سەرچاوە گرنگە و پێویستی بە بەڕێوەبردنی زیرەک و پاشەکەوتکردنی گشتی و پلاندانانی درێژخایەن بۆ داهاتوویەکی بەردەوام هەیە.
بەنداوی گاوشان لە پارێزگای سنەیە و پێشتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، ئاوەکەی بۆ ئەو پارێزگایە گوازراوەتەوە.