لەحاڵێکدا کە ئێران بەرەوڕووی قەیرانی ئابووری و دابڕانی سیاسی بووەتەوە و گوشارەکانیش بۆ سەر کۆمەڵگە پەرەیان سەندووە، کەماڵ خەڕازی، جارێکی دیکە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێن، جەختی لە بەردەوامیی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەپێدانی توانا مووشەکیییەکان کردەوە.
کەماڵ خەڕازی بەرپرسی شۆرای ستراتێژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە تاران بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابگرێت و تەنیا دانوستان لەسەر ئاستی پیتاندن دەکات و ئەم پرۆسەیە بە گوشار و هەڕەشە ڕاناگیرێت.
ناوبراو هەروەها ڕوونی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرنامەی مووشەکی خۆی دانوستان ناکات و هەموو هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی ئەو توانایە دەدرێت.
خەڕازی ڕایگەیاند کە مەرجی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا "ڕێزگرتن لە یەکتر" بووە و واشگنتۆن هەنگاوی یەکەم بنێت.
ناوبراو تەنانەت ئەگەری ململانێی سەربازیی ڕەت نەکردەوە و وتی کە ئێران بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەیە.
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگە لەگەڵ کێشەی بژێوی ژیان و ناسەقامگیریی قووڵ بەرەوڕووە. بەڵام ڕێژیم هەروا لە ڕێگای پڕتێچووی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانییەوە بەردەوامە، سیاسەتێک کە نە ئەمنییەتی هێناوەتە ئاراوە و نە خۆشبژێوی بۆ خەڵک، بەڵکوو تەنیا کەلێنی ئێرانی لەگەڵ جیهان و گوشارەکانی بۆ سەر خەڵک زیاتر کردووە.