ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوە داوە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران بۆ دووهەمین جار لە ساڵی ڕابردوووە بە مەبەستی وەدەستهێنانی تێکنۆلۆژییە هەستیارەکان کە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیدا بەکار دەبرێن، بەشێوەی نهێنی سەردانی ڕووسیەیان کردووە.
ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "زانیاری لەبارەی ئەم سەردانە کە بۆ یەکەمجار بڵاو دەبێتەوە، بەشێک لە مامەڵە دوولایەنەکانی نێوان دامەزراوە توێژینەوەییەکانی نێوان ڕووسیە و ڕێکخراوی سپەندی سەر بە ڕێژیمی تاران لەخۆ دەگرێت".
هەر لەو پێوەندییەدا "جیم لامسۆن"، شرۆڤەکاری پێشووی ڕێکخراوی سیا و توێژەری باڵا لە بواری پەرەپێدانی چەکە ناوکییەکان لە ناوەندی جەیمز مارتین وتوویەتی: "بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن کە زانا ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی سەردانی ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕووسیە هەوڵیان داوە هەتا ڕادەیەک تێکنۆلۆژی و زانستی لەیزەری بەدەست بێنن".
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی "لامسۆن"، تێکنۆلۆژی و زانستی لەیزێری یارمەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەدات کە بەبێ تاقیکردنەوەی تەقینەوەی ناوکی، چەکی ناوکی تاقی بکاتەوە.
شایانی باسە پێشتریش فایننشاڵ تایمز، لە ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ئەمساڵدا ئاماژەی بەوە دابوو کە شاندی زانایانی ناوکیی ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی "عەلی کۆلوەند" و چوار کەسی دیکە لە ڕێکەوتی ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ی زایینیدا بە فڕۆکەی "ماهان ئەیر" و بە شێوەی نهێنی سەردانی ڕووسیەیان کردووە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، شاندی زانایانی ڕێژیم، لەو سەردانەی پێشوودا سەردانی چەند دامەزراوەیەکی زانستییان کردبوو کە تێکنۆلۆژیی لەیزێری و پارچە چەکی چەندمەبەستیان تێدا بەرهەم دەهێندرێت و لە بواری کاروباری دروستکردنی چەکی ناوکیدا کەڵکیان لێ وەردەگیردێت.
لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژاواییەوە نووسرابوو: "ئەو شاندەی ڕێژیم بۆ ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنانی بەرگریی ڕێژیم "سێپەند" کار دەکەن".
ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنانی بەرگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی "سێپەند" بە یەکێک ڕێکخراوەکانی ژێردەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئەژمار دێت کە لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی ڕێژیمدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە.