پێشنووسی بڕیارنامەیەکی نوێی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی دژی کۆماری ئیسلامی بە شوڕای حوککامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم درا. لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە ئێران کراوە دەسبەجێ پێملی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس بێ و ڕێگە بدا پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی بنکە ئەتومییەکانی ئەم وڵاتە بکەن.
لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە ئێران کراوە لەمەڕ چارەنووسی ٤٠٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی سەتا ٦٠ پیتێندراو وەڵامدەر بێ و ڕێگە بدا چاوەدێری بخرێتە سەر بنکە ئەتومییە بۆمبارانکراوەکانی.
لە ڕەشنووسەکەدا هاتوە کە ئێران پێبەندی دەروەستییە پادمانییەکانی لەسەر بنەمای بەڵێننامەی پەرەنەدان بە چەکە ئەتومییەکان نەبووە و لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا هەموو چالاکییەکی خۆی لە چاوی ئاژانس و چاودێڕان شاردۆتەوە. پێشتریش ڕافائێل گەڕووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس ئێرانی وریا کردبۆوە بێتوو نەهێڵن پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی بنکە ئەتومییەکانی فەردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بکەن، هەڕەشە و مەترسیی شەڕێکی دیکەیان لەسەر خۆیان دروست کردوە.