کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەک پاش ٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی

09:58 - 1 سەرماوەز 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هێمن خورشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە: ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێمن خورشیدی هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی بانە، لە شوێنی کارەکەی خۆی و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ هیچ زانیارییەک لە دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوەیە وتوویەتی: هێمن خورشیدی لە شوێنی کارەکەی، لە یەکێک لە کافە سونەتییەکانی بانە، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و کەسانی نزیک و بنەماڵەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە کە لە بەمیدیاییکردنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی خۆ ببوێرن.

تاکوو ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو ناڕوونە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ناوبراو تاکوو ئێستاش لە مافی پێوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.