کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قادر وریا: پرسی زمانی ستاندارد ئەگەر ژیرانە ڕووبەڕووی نەبینەوە، لەجیاتی یەکگرتوویی نەتەوەییمان دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی ناکۆکیی نێوخۆییش!

10:43 - 1 سەرماوەز 2725

 

دیمانە: حەسەن شێخانی

ئاماژە: لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی زمان بۆتە بزووتنەوەیەکی کولتووری ـ سیاسی و، ئەم پرسە بۆتە ئاماژەیەک بۆ خۆپێناسەکردن و داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکان. کورد لەم پرسەدا ڕووبەڕووی داگیرکاری لە تەواویەتی خۆیدا بۆتەوە و سیستەمی زاڵی هێناوەتە ژێر پرسیار و تووشی تەنگژەی کردووە. کوردی ڕۆژهەڵات لە پرۆسەیەکی چڕی وەخەبەرهاتنی نەتەوەیی‌دایە و هەموو پێناسە داسەپاوەکانی نەتەوەی زاڵ بۆ خۆی ڕەت دەداتەوە و خۆی پێناسە دەکاتەوە.

ئەگەر چاوێک لە تابلۆی زیندوو و پڕجموجۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، زمان و پرسی زمان لەم تابلۆیەدا بەرجەستەن و بەشێکی گەورە و گرینگیی ئاکسیۆن و چالاکییەکان لە دەوری پرسی زمان شکڵیان گرتووە و ئەم پرسە بۆتە چەقی کار و تێکۆشانی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا ڕووناکبیران و نووسەران و شارەزایانی بواری زمان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە زیندووکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی ئەم ڕەهەندەی خەبات گێڕاوە و بە نووسین و تێزەکانیان بوونەتە ڕێنیشاندەر و، بەرچاوی تاکاکەکانی مافخوازی کوردیان ڕوون کردۆتەوە. یەکێک لەم کەسە دیارانە، "دکتۆر قادر وریا"یە کە وێڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە لەم بوارەدا چالاکە و خزمەتی کردووە، تێزێکی دکتۆرای بایەخداریشی پێشکەش کردووە. کتێبی "سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا"، کە تێزی دکتۆراکەیەتی، لەم ماوەیەدا لە کوردستان و ئاڵمان چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم تێزە ڕەشەمەی ٢٠٢٤ لە زانکۆی کۆیە گفتوگۆی زانستی لەسەر کار و بە پلەی نایاب پەسند کرا. بە بۆنەی چاپی تێزەکەی لە دووتوێی کتێبکدا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پێک هێناوە؛ هەم ئاوڕێک لە نێوەرۆکی تێزەکەی دەدەینەوە و هەم پرسی زمان و گرینگیی ئەم پرسە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات گەنگەشە دەکەین.

یەکەم پرسیارمان ئەوەیە کە هۆکاری ئەوەی جەنابت ئەم مژارەتان بۆ تێزەکەتان هەڵبژارد چیە؟ کەڵکەڵەی زەینیی جەنابتان چی بوو و ئاسۆی ڕوانینی جەنابتان چی بوو؟

هۆی هەڵبژاردنی پرسی سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە بۆ ئەم ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە پرسی زمان نزیکەی سەدەیەکە یەک لە پرسە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد لە ئێرانە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە دامەزرانی دەوڵەتی مودێرن لە ئێران کە بناغەکەی لەسەر پێناسەکردنی ئێران وەک وڵاتی یەک نەتەوە و یەک زمان دامەزرا، نەتەوەی کورد خەباتی بۆ بەڕەسمی ناسینی زمانەکەی کردووە. پێناسەکردنی ئێران وەک وڵاتی یەک نەتەوە و یەک زمان لە درێژایی ئەو مێژووەدا وای کردووە زمانە نافارسییەکان، بکەونە پەراوێز، پەروەردە بەو زمانانە کە هەم مافێکی سروشتیی ئاخێوەرانیانە و هەم ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ گەشە و زیندوویی زمانەکە، قەدەغە بکرێت. بەم جۆرە نیگەرانی لە داهاتووی زمانی کوردی و  زمانە نافارسییەکان لە ئێران لە لایەک و لە لایەکی دیکە گرنگیی پەورەدە بە زمانی کوردی وەک ڕێگایەک بۆ پێشکەوتنی زمانەکە، هاندەری من بوو تێزی دکتۆراکەم تەرخان بکەم بۆ سیاسەتی زمانی لە بواری پەروەردەدا.  ئەم سیاسەتە زمانییەی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لە ئێران زاڵ بووە، لەسەر بناغەیەکی نادادپەروەرانە و زۆردارانە دامەزراوە، بە بێ گۆڕینی ئەو سیاسەتە زمانییە، واتە بێ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی تاکزمانی و بێ ئەوەی زمانە نافارسییەکان بە رەسمی بناسرێن، کۆمەڵ و وڵاتی ئێران هەروا بە دەست کێشەی زمانەوە دەناڵێنن.

بێگومان ئەم مژارە، مژارێکی گرینگ و ڕۆژەڤە، پێم باشە گرینگیی ئەم مژارە بە سەرنجدان بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر شی بکەیەوە و لە بەستێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێناسەی بکەی.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەرێکی گەورەی هەیە، چوار پارێزگەی ئێران دەگرێتەوە، وێرای ئەمەش بە میلیۆن کورد لە دەرەوەی ئەو چوار پارێزگایە، لە خۆراسان و پارێزگاکانی دیکە دەژین. کاتێک  باس لە مافی نەتەوەیی و مافە زمانییەکانی کورد لە ئێراندا دەکەین، لە ڕاستیدا باسی مافێکی ڕەوای نزیکەی ١٢ میلیۆن کەس دەکەین.

ڕووبەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕووبەری باشووری کوردستان زۆر گەورەترە، ژمارەی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، لە ژمارەی دانیشتووانی کورد لە باشووری کوردستان و عێراق، زۆر زیاترە. کورد دەیان ساڵە لە دەستووری عێراقدا وەک نەتەوە ناسراوە و زمانی کوردی لە ئاستی عێراقدا بە ڕەسمی دانی پێدانراوە و لە کوردستانیش زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا زمانی ڕەسمییە، زانکۆ و ئەکادیمیا و دادگا و پارلمان بە کوردی هەیە، بەڵام بەشێکی گەورەی ئەو نەتەوەیە لە ئێران، لە دراوسێیەتیی باشووری کوردستاندا وەک نەتەوە سەیری ناکرێت، زمانەکەی بەڕەسمی ناناسرێت و ڕێگای ئەوە نادرێت لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی بخوێندرێت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە ویستی  پەروەردە بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی درێژ بە قەرا مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی هاوچەرخی کوردی هەیە، هەر لە پێکهاتنی کۆمەڵەی جیهاندانی و لە دەسپێکی تێکۆشان و خەباتی سمکۆی شکاک، پەروەردە و خوێندن بە کوردی، لە لایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بایەخی پێ دراوە. لە کۆماری کوردستاندا، خوێندنی کوردی هەبووە، لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی و زاڵبوونەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە سەر بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پەروەردە بە زمانی کوردی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەڕێوە چووە. لە ماوەی چوار دەیە و نیوی ڕابردوودا، داوای پەوەردە بە زمانی کوردی، هەموو کات یەک لە داوا سەرەکییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بە دەوڵەتی ناوەندی بووە. دەتوانین بڵێین پەروەردە بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە بە ویستێکی نەتەوەیی و گشتی.

ئەم جموجۆڵ و چالاکییانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری پرسی زمان شکڵیان گرتووە چۆن دەبینی و هەڵسەنگاندنی جەنابت لەم بوارەدا چیە؟ لایەنە بەهێز و کەمایەسییەکانی ئەم جموجۆڵ و چالاکییانە چۆن لێک دەدەیەوە؟

ئەو  تێکۆشان و خەباتەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەییدا هەن، لەوە فراوانترن کە بە جموجۆڵ ناویان بەرین. لە ڕاستیدا بوون بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی فرەڕەهەند کە دیارە پرسی زمان و ناسنامە، هەوێنی سەرەکیی بزووتنەوەکە و چەقی زۆربەی داواکانییەتی. داکۆکی لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و تێکۆشانی جۆراوجۆر بۆ پاراستنیان، تایبەت نییە بە پارێزگا یان ناوچەیەکی دیاریکراو، تایبەت نییە بە توێژێک لە خەڵک، لە هەموو پارێزگاکاندا هەیە و توێژی جۆراوجۆریش تێیدا بەشدارن. ئەمەش بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی و زمانییان هەیە. ئەوان دەزانن ئەو سەرکوت و کۆسپانەی لەسەر ڕێی زمانی کوردی هەبوون و هەن، ئەو ڕێگرییەی لە پەروەردە بە زمانی کوردی کراوە و دەکرێت، بووە بە هۆی ئەوە زمانی کوردی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی جۆراوجۆر بێتەوە. بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشانە، بە دوو شێوەی سەرەکی خەبات دەکەن: لە لایەک فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی و پاراستنی ئەو زمانەیان کردووە بە ئەرک لەسەر خۆیان، لە لایەکی دیکە هەوڵ دەدەن دەوڵەت و دامودەزگاکانی بخەنە ژێر گوشار بۆ ئەوەی  زمانی کوردی بە ڕەسمی بناسن و چی دیکە مافی پەروەردە بەو زمانە لە خەڵکی کوردستان زەوت نەکەن.

من بوونی ئەم بزووتنەوە کولتوورییە ناسنامەپارێزە، بە بەرهەمی وشیاری و تێگەیشتوویی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانم و زۆر بەرز دەینرخێنم. ڕەسەنایەتی، ڕەگاژوویی بزووتنەوەکە و بەردەوامییەکەی، بڕوامەندبوونی بە بایەخە مودێرنەکانی وەک مافی مرۆڤ، یەکسانی، ژینگەپارێزی، دووربوونی لە توندوتیژی، فرەڕەهەندبوونەکەی، گرنگیدانی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، پەرەپێدانی گیانی نەتەوەیی شانبەشانی ڕێزلێگرتن و پاراستنی جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵی کوردستان، ئەمانە لە خاڵە بەهێزەکانی ئەو بزووتنەوەیەن. هەر لەم کاتەشدا پێموایە بێ کەموکووڕی نییە. بۆ نموونە هێشتا ڕێژەیەکی زۆری خەڵک هەن کە دوورەپەرێزن و پێویستە بۆ بەشداری و ئەرک گرتنە ئەستۆ لەم بزووتنەوەیەدا هان بدرێن؛ تێکۆشان و چالاکییەکان، خەسڵەتێکی ناوچەییان هەیە، گشتی و سەرانسەری و پێکەوەگرێدراو نین. مەبەستم ئەوەیە سەرجەمیان لە یەک سەرچاوە و ناوەندەوە، ڕێنوێنی و ڕێبەری ناکرێن. دەکرێت ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنییەکان بەپێی ئەرک و بەرنامە و ئامانجیان لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی تایبەت بە خۆیاندا، چەترێک بۆ پێکەوەبوون و هاوکاری و هاوهەنگاوی لەگەڵ یەکتر دروست بکەن. بەتایبەتی ئەو ئەنجومەن و ناوەند و چالاکانەی، زمانی کوردی خەمی سەرەکی و هەرە گرنگی ئەوانە، پێویستە هاوکاری و ڕاوێژ و  ئامانج و بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی چوارچێوەی سیاسەتێکی زمانیی شیاو و کاریگەر دیاری بکەن و بە هاوفکری لەگەڵ یەکتر پلانی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بۆ دابنێن.

گرینگیدان بە پرسی زمان و خزمەتکردنی زمانی کوردی چەندە دەتوانێ لە نەتەوەسازی و جێگیرکردنی شوناسی نەتەوەییدا دەور بگێڕێ؟

یەکێک لە بەشەکانی ئەم تێزەی من، لەژێر ناوی "زمان و پەروەردە، دەوڵەت-نەتەوە و نەتەوەی بێدەوڵەت" لەم مەسەلە گرنگە دەدوێت کە پەروەردە چۆن دەتوانێت بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتێکی زمانیی دیاریکراو، نەتەوە دروست بکات. هەر بە نموونە دەوڵەت-نەتەوەی ئێران، بە زاڵکردنی زمانی فارسی لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، هەوڵی داوە  نەتەوە نافارسەکان لە زمانەکەی خۆیان داببڕێت و هەمووان بکات بە یەک نەتەوە کە ئەو نەتەوەیە، گۆیا نەتەوەی ئێرانە و زمانەکەی فارسییە. مەبەست ئەوەیە دەکرێت بە زاڵکردنی تاکزمانی لە سیستەمی پەروەردەدا، جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و زمانییەکان بسڕیەوە و نەتەوەیەکی دیاریکراو دروست بکەی، وەک ئەوەی دەوڵەت- نەتەوەی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوو دا کردوویەتی. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، دەکرێت نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، بەهۆی ڕەسمیەتدان بە زمانەکەی و دابینکردنی پەروەردە بە زمانی خۆی، سیاسەتی توانەوە لە نێو زمان و ناسنامەی داسەپاودا پووچەڵ بکاتەوە و زمانەکەی خۆی کە یەک لە گرنگترین فاکتەرەکانی نەتەوەبوونییەتی، بپارێزێت و بەم جۆرە بەر بە توانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بگرێت.  

 دیارە لەم تێزەدا داکۆکی لەوە کراوە کە نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد لە وڵاتێکی وەک ئێران، بۆ ئەوەی نەتوێتەوە و مانەوەی خۆی وەک نەتەوەیەک دەستەبەر بکات، پێویستە پێگەیەکی دەستووری بۆ خۆی دابین بکات بە جۆرێک کە هەم پشکێکی کاریگەری لە  بەڕێوەبەریی وڵات و دەسەڵاتی ناوەندیدا هەبێت، هەم بەڕێوەبەرییەکی تایبەت بەخۆی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەکەی، ڕاییکردنی مافە نەتەوەییەکان و بەڕێوەبردن و پاراستنی سەرزەوی و شار و ناوچەکانی کوردستان و دانیشتووانی، هەبێت. گرنگترین ئەرکیش لەسەر شانی ئەو خۆبەڕێوەبەرییە دەبێت، پەروەردە بە زمانی کوردییە کە پاراستن و گەشەی زمانەکە دەستەبەر دەکات.

چەندە لەگەڵ ئەم ڕایەی کە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا و پێش گەیشتن بە ڕزگاری، پرسی دروستبوونی زمانی ستاندارد یان یەکگرتووی کوردی، لە پلەی دوویەمی گرینگیپێدان‌دایە؟ با پرسیارەکە بەم شێوەیە بێنینە ئارا کە گرینگی‌نەدان بە پرسی دروستکردنی زمانی ستانداراد لە قۆناغی شۆڕشدا، چەندە دەتوانێ زیان بە پرۆسەی نەتەوەسازی و یەکگرتوویی کورد بگەیەنێ؟

ئەمە پرسیارێکی زۆر گرینگە. پرسی زمانی ستاندارد بۆ نەتەوەی کورد، هەستیارییەکی تایبەتی هەیە و ئەگەر بە دووربینی و ژیرانە ڕووبەڕووی نەبینەوە، لەجیاتی سوودگەیاندن بە یەکگرتوویی نەتەوەییمان، دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەی ناکۆکیی نێوخۆیی و لێک دوورکەوتنەوە. هەر کات باس لە زمانی ستاندارد بۆ کورد دەکرێت، پێویستە ئەو ڕاستییەمان لەبەر چاو بێت کە ئێمە نەک یەک کوردستان، بەداخەوە چەند کوردستانمان هەیە، واتە لانیکەم چوار پارچەی کوردستانمان هەیە کە هەر یەکەی بە وڵاتێکەوە لکێندراوە، و ڕێژیم و سیستەمێکی سیاسیی جیاواز و بە زۆرییش دژ بە کورد بەسەریاندا زاڵە. جگە لە باشووری کوردستان و عێراق کە بە ڕەسمی دان بە بوونی نەتەوەی کورد و زمانەکەیدا نراوە و لە شێوەی فیدڕاڵیدا جۆرێک مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ کورد بەڕەسمی ناسراوە، لە پارچەکانی دیکە و لە وڵاتانی تورکیا، ئێران و سوریا بە داخەوە نەتەوەی کورد پێگەیەکی دەستووریی نییە و مافە زمانییەکانی دانیان پیدا نەنراوە و بە ڕەسمی نەناسراون.

 جگە لەمەش ئەم کوردستانانە لە ڕووی سەردەستبوونی زارێکی زمانی کوردی و پێشینەی بەکارهێنانی دیالێکتێکی زمانی کوردی لە نووسیندا، جیاوازییان هەیە. بۆ نموونە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، دیالێکتی کورمانجیی ژووروو هەم ئاخێوەری زیاتری هەیە، هەم پێشینەی نووسینی ئەدەبی و ڕۆژنامەنووسی بەو دیالێکتە زیاترە، هەروەها نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتین لەو دوو بەشە برەوی هەبووە. بەڵام لە باشوور و ڕۆژهەڵات، دیالێکتی کوردیی نێوەڕاست (کە بە سۆرانی ناسراوە) وەک زمانی ستاندارد هەتا ڕادەیەکی زۆر جێ کەوتووە. چاوەڕوانیی ئەوە کە یەک زمانی ستاندارد لە هەر چوار پارچە جێ بکەوێت و وەربگیرێت، چاوەڕوانییەکی نەگونجاو و دوور لە ڕاستییە؛ چونکە جگە لەوەی هەر یەکێک لەو دیالێکتە کە بوون بە بنچینەی زمانێکی ستاندارد لە دوو بەشی کوردستان، لەبەشەکانی دیکە پێشینەیان نییە و ئاخێوەری کەمتریان هەیە، هاوکات سیستەمی سیاسی و ئیداری و یاسایی و پەروەردەش لەزۆربەی ئەو کوردستانانە بەدەست کوردەوە نین، تا لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم زمانە ستانداردەیان بەسەردا فەڕز بکرێت.

من پێم باشە بە پلەی یەکەم ئەم دوو ستانداردییە قبووڵ بکەین، هاوکات هاندەری هەر تاکێکی کورد بین کە فێری ئەلفوبێ و خوێندنەوە و تێگەیشتن بە زمانە ستانداردەکەی دیکەش بێت. لە ئاست بڵاوبوونەوەی نووسین و ئەدەبیات بە زارە جیاوازەکانی زمانی کوردی(لە دەرەوەی ئەو زمانە ستانداردە) هەستیار نەبین و دژایەتییان نەکەین و وەک سامانی زمانی کوردی لێیان بڕوانین. تەنانەت لە قۆناغی باخچەی ساوایان و پۆلی یەکەم و دووهەمی سەرەتاییدا، قورسایی پەروەردە بەو زارانە بێت کە منداڵان لە ماڵەوە قسەی پێ دەکەن، لە پۆلەکانی دواتر و قۆناغەکانی سەرتردا، با پەروەردە بە زمانە ستانداردەکە بێت. مەبەستم ئەوەیە جێخستنی زمانی ستاندارد لە کوردستان، پێویستە بە سەرنجدان بە فرەزاریی زمانی کوردی و هەستیاریی ئاخێوەرانی ئەو زارانە و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان، باسی لێ بکرێت و ڕێگای بۆ بدۆزرێتەوە، نەک بە سەپاندن. چونکە ئەگەر بە زۆر و سەپاندن بێت، ئەو جار دەبێتە سەرچاوەی لێک دوورکەوتنەوە و دروستبوونی کەلێنی نەتەوەیی. ئەمەش لە هەلومەرجێکدا کە ئێمە لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیداین، بە زیانێکی گەورە بەسەرماندا دەشکێتەوە.

خۆتان دەزانن یەکێک لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە زمانی کوردی بۆ ئاستی زمانی لۆکاڵی دابەزێنێ، ئەمەش لەو ڕاستایەدایە کە کورد لە نەتەوەوە بۆ ئیتنیک دادەبەزێنێ؛ دەیەوێ هەم زمانێکی یەکگرتووی کوردی دروست نەبێ و هەم زاراوەکانی زمانی کوردی بە شێوەیەکی شێوێندراو، لە هەمبەر زمانی یەکگرتووی کوردی زەق بکاتەوە، جەنابت لەم بارەوە چۆن بیر دەکەیەوە و ئەم پرسە چۆن لێک دەدەنەوە؟

لۆژیکی ڕێژیمەکانی ئێران و بە گشتی هەموو ئەوانەی لە ڕووی فکرییەوە دەکەونە بازنەی ئایدۆلۆژیاکانی دەوڵەت- نەتەوەی ئێران، ئەوەیە کە لە ئێران یەک نەتەوە هەیە، ئەو نەتەوەیەش زمانەکەی فارسییە. ئەگەر پرسیاریان لێ بکەی ئەدی کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب چن؟ نەتەوە نین؟ زمانەکەیان زمانێکی سەربەخۆ و جیاواز نییە؟ دەڵێن نەخێر ئەوانە قەومن، زمانەکەشیان زمانێکی قەومییە، لۆکاڵی(خۆجێیی)یە، "گویش" یان زارێکی زمانی فارسییە، ئەگەر لقێکی زمانی فارسییش نەبێت، هەر زمانێکی تەواو نین و ناتوانن زمانی پەروەردە و یاسا و زانست و...هتد بن! تەنیا دەتوانن زمانی شوانکارەیی و کشتوکاڵ و فۆلکلۆر بن! ئایدۆلۆژیای ئەوان لەسەر ئەم بۆچوونە ناڕاستە دامەزراوە کە ئەگەر پێکهاتەی خەڵکی ئێران وەک چەند نەتەوە بە چەند زمانی جیاوازەوە پێناسە بکەن، ئێران لێک هەڵدەوەشێ. هەر بۆیە هەر چەندی بۆیان بکرێت نەتەوە نافارسەکان و زمانەکانیان، سووک و چووک دەکەنەوە. تا بیری خۆ بە نەتەوەزانین و قایلبوونی پێگەی نەتەوەیی و زمانێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان و زمانەکەیان، لە مێشکیان بەرنە دەر. یەکێک لەو هەوڵانەیان ئەوەیە کە شتێکی وەک زمانی یەکگرتووی کوردی بەرجەستە نەبێتەوە و کورد خاوەنی زمانێکی ستاندارد نەبێت، هەتا بتوانن زمانی کوردی وەک کۆمەڵێک زار کە پێوەندییەکی پتەویان بە یەکترەوە نییە و ئاخێوەرانیان لێک تێناگەن، بناسێنن. هەر لە چوارچێوەی ئەم هەوڵە شوومەیاندا، تێدەکۆشن هێندێک زار لە زمانی کوردی داببڕن و وەک زمانێکی جیاواز، پێناسەیان بکەن و هانی ئاخێوەرانیان بدەن کە خۆیان وەک خەڵکێکی جیاواز لە نەتەوەی کورد و زاری قسەکردنیان، بە شتێکی جیاواز و لە دەرەوەی زمانی کوردی بناسێنن، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەن بە شێوەی جۆراوجۆر لە خۆیان مایە دابنێن.

 لێرەدایە کە تاکێکی کورد لە ئێران دەبێت لەم ڕاستییە تێ بگات کاتێک ڕێژیمی ئێران یان ڕووناکبیرانی سەر بە دەوڵەت- نەتەوەی ئێران، بایەخ بە تەنیا زارێکی زمانەکەی دەدەن و پێگەیەکی تایبەتی وەک زارێکی سەربەخۆی بۆ قایل دەبن، ئەویش لە کاتێکدا کە ئامادە نین کۆی زمانی کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ بە ڕەسمی بناسن، مەبەستێکی خێریان نییە. لە بەرانبەر ئەم جۆرە هەوڵانەدا، ئەرکی هەر تاکێکی کوردە جا هەر ئایین و ئایینزایەکی هەبێت، لە هەر هۆز و  شار و ناوچەیەک بێت و بە هەر زار و  بنزارێک قسە بکات، بڵێت ئێمەی کورد یەک نەتەوەین و خاوەنی یەک زمانین کە ئەویش زمانی کوردییە. واتە دەمارگرژی لە ئاست ئایین و ئایینزا و زار و بنزار و هۆز و شار و ناوچە، نابێت وامان لێ بکات زمانی کوردی و ناسنامەی  نەتەوەیی خۆمانیان لە پێناودا بکەینە قوربانی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆتان یەکێک لە کەسە دیارەکانی نێو بزووتنەوەی کوردیی ڕۆژهەڵاتی و، ناسینێکی لە نێوەوە لەم بارەوە هەیە، کارکردنی حیزبە کوردییەکان لە بواری زمان و خزمەتکردنی زمانی کوردیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەوان گرینگیی تەواویان داوە بە پرسی زمان و کاریان کردووە بۆ یەکگرتووکردنی زمانی کوردی؟ یان بەپێچەوانە خۆیان هۆکارێکی پرشوبڵاوی و ناکۆکی لە پرسی زمانی یەکگرتوودا بوون؟

وەک لە وەڵامی پرسیارێکی پێشوودا وتم، ئێمە بە داخەوە کوردستانێکی یەکگرتوومان نییە و چەند کوردستانمان بە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی جیاواز و بە بارودۆخی سیاسیی لێک جیاوازەوە هەیە. بۆیە بێگومان لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەدا بەرانبەر پرسی زمان جیاوازی هەبووە و هەیە. دیارە ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە هەڵگری پرسی نەتەوەیی نەبوون، زیاتر خۆیان بە حیزبی چینێکی دیاریکراو و هەڵگری پرسی چینایەتی زانیوە،گرنگییەکی ئەوتۆشیان بە مافە نەتەوەییەکان بە تایبەتی پرسی زمان نەداوە، بەڵام ئەو حیزبانەی بۆ ڕزگاریی کورد لە بندەستی و داگیرکراوی، خەباتیان کردووە، بەو هۆیەوە کە پرسی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی لە کۆنتێسکتی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازییدا گرنگیی تایبەت بەخۆی هەیە، زۆربەیان داوای بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردییان کردووە. من زیاتر لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری و شارەزاییم هەیە. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران ڕۆڵی سەرەکی و ڕێبەری ئەم بزووتنەوەیەی هەیە، بۆیە دەکرێ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، سیاسەتی زمانیی ئەم حیزبە وەک نموونە وەربگرین. دەتوانم بڵێم  حیزبی دیموکرات سیاسەتێکی نەتەوەیی و دروستی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی زماندا هەبووە. ئەم سیاسەتە زمانییە لە پیوەندی لەگەڵ ڕێژیمەکانی ئێراندا، داوای بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی لە کوردستان و کردنی بە زمانی پەروەردە و کاروباری ئیداری کردووە. لەنێوخۆیدا و ڕوو بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەرچی لە دەستی هاتووە بۆ خزمەتی ئەو زمانە، بە تایبەتی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی و وەڕێخستنی خوێندن بە زمانی کوردی، خۆی لێ نەپاراستووە. لە ئەدەبیاتی نووسراوی خۆیدا ڕەچاوی نووسین بە زمانی ستانداردی کردووە، هیچ کات لە هاندانی خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی زمانی کوردی و داکۆکی لێکردنی غافڵ نەبووە. ڕەهەندێکی پڕشنگداری دیکەی ئەم سیاسەتە زمانییەی حیزبی دیموکرات، داکۆکی لە مافە زمانییەکانی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران، هەروەها مافە کولتوورییەکانی کەمایەتییە ناکوردەکان لە کوردستانە.

ئایا پێویستە کورد لە ئێستاوە، واتە لە قۆناغی شۆڕشەوە لە بیری سیاسەت و پلانداڕێژیی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ؟ هەوڵی پسپۆڕان و شارەزایانی زمانی کوردی لەم بارەوە چۆن دەبینی؟

پرسیارێکی بەجێیە. سیاسەتی زمانی، شتێک نییە کە تەنیا ئەو کاتەی دەسەڵاتی نیشتمان و ولاتی خۆمان بە دەستەوەیە بیری لێ بکەینەوە. هەر لەجێدا سیاسەتی زمانی هەر تایبەت نییە بە دەوڵەتان؛ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بنەماڵەکانیش دەتوانن سیاسەتی زمانییان هەبێت. حیزبێک هەروا کە بۆ بوارەکانی وەک سیاسی و سیستەمی بەڕێوەبەرێتی، بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و بواری کولتووری، ڕوانگە و باوەڕەکانی خۆی گەلاڵە دەکات و بە خەڵکیان دەناسێنێت، پێویستە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی زمانیشدا، بەرچاوی ڕوون بێت و بڕیار و پەسندکراوی ئەوتۆی هەبێت کە ڕێگایەکی دروست و ئاسۆیەکی ڕوون نیشانی ئەندامان، جەماوەری خۆی و ئەو خەڵکە بدات کە پشتیوانیی لێ دەکەن. سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە بۆیە پێویستە لە ئێستاوە قسەی لەسەر بکرێت، چونکە پرسێکی ئاڵۆزە و لەنێو خەڵکدا بیروڕای جیاواز و تەنانەت ناکۆک لە بارەیەوە هەیە. ئەگەر ئیستا قسەی لەسەر نەکرێت، ڕەهەندە جیاوازەکانی نەکەونە بەر باس و شەنوکەو نەکرێن،  سوودەکان و مەترسییەکانی هەر یەک لە ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازەکان ئێستا ڕوون نەکرێنەوە، لەوانەیە تا دەگەینە ئەو ڕۆژەی، وەک  کورد چارەنووسی خۆمان دەگرینە دەست، زۆر لێک دوور بکەوینەوە. من بە نۆرەی خۆم لە ڕێگای ئەم تێزەوە، هەوڵم داوە بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی شارەزایان و چالاکانی بواری زمان و پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێکدانەوە و شێکردنەوەی ڕوانگە و خوێندنەوەی ئەوان، نەخشەڕیگایەک بۆ چارەسەری پرسی زمانی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەڵاڵە بکەم، نەخشەڕێگایەک کە بناغەکەی لەسەر بەڕەسمی ناسینی فرەزمانی، مافەزمانییەکان، پەروەردە بە زمانی دایک و ویستی ئێستای خەڵکەکەمان دامەزراوە. ئەم نەخشەڕێگایە دەکرێت و زۆریش پێویستە لە لایەن شارەزایانی بواری پەروەردە و زمان قسەی لەسەر بکرێت، لایەنە بەهێز و لاوازەکانی دەستنیشان بکرێن و بەجۆرێک دەوڵەمەند و گشتگیر بکرێت کە دیدێکی هاوبەش و بەرچاوڕوونییەک بۆ داهاتووی زمانی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست ببێت. 

ئاسۆی مافخوازیی کورد و بەتایبەت چڕبوونەیەیان لەسەر زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینی؟

چارەسەری پرسی نەتەوەیی و پرسی زمانی کوردی لە ئێران، بە دوو لایەنەوە بەستراوەتەوە. لایەنێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی بزووتنەوە کولتووری و مەدەنییەکەی و حیزب و ڕیکخراوە سیاسییەکانن، لایەنەکەی دیکەی ئەو دەسەڵاتەیە کە لە تاران لەسەر کارە. ئەوەندەی پێوەندیی بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، زۆر بە ئاسۆی مافخوازیی کورد بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ داواکردنی مافە زمانییەکانیاندا گەشبینم. ئەوەی لە هیچمان شاراوە نییە ئەو وشیارییە نەتەوەیی و زمانییە ڕوو لەگەشەیەیە کە لە سەرانسەری ڕۆژهەلاتی کوردستاندا بەدیی دەکرێ. ئەم وشیارییە هاندەر بووە بۆ ئەو هەمووە هەوڵ و چالاکییانەی لە پێناوی پاراستنی زماندا وەڕێخراون، هەر لە پێکهاتنی سەدان فێرگەی زمانی کوردی، هەڵمەتی بەکوردینووسین لە سۆشیالمیدیادا، بایەخدان بە فەرهەنگنووسیی کوردی و توێژینەوە لە سەر ڕێزمانی زارە کوردییەکان تا دەگاتە خەبات و پێداگری لەسەر بەفەرمی ناسینی زمانی کوردی. ئەم هەوڵانە وایان کردووە کە زۆربەی تاکەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات گرنگی بە پاراستنی زمانی خۆیان بدەن و مەترسیی لەدەستدانی زمانی کوردی و توانەوە لە زمان و ناسنامەی نەتەوەی سەردەستدا کەم بێتەوە.

 وەک ئاماژەم پێکرد، ئەم هاوکێشەیە لایەنێکی دیکەشی هەیە کە ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێرانە. بە ناسیاوییەک کە لەو ڕێژیمە و ئایدۆلۆژیایەک کە ئەو ڕێژیمەی لەسەر دامەزراوە، هەمە، ئەو پێز و مایەیان تێدا نابینم بەدەنگ داوای ڕەوای کورد و هیچ کام لە نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران لە بواری زماندا بێن و وەڵامی ئەرێنییان بدەنەوە. نەک هەر ئەم ڕێژیمە بەڵکوو ڕێژیمەکانی داهاتووش ئەگەر ئایدۆلۆژیای یەک نەتەوە و یەک زمانیان بۆ ئێران هەبێت، هەر دژی داخوازە نەتەوەیی و زمانییەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەوەستنەوە. بۆیە ڕێگاچارەیە هەر ئەوەیە خەباتمان هەتا لابردنی ئەو ڕێژیمە .و هێنانە سەرکاری سیستەمێکی سیاسیی کە فرەیی نەتەوەیی و زمانی لە ئێراندا بە ڕەسمی بناسێت، درێژە بدەین