کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هەندێک وردەکاری لە هەوڵە نوێیە سەربازییەکانی ڕێژیمی تاران ئاشکرا دەکات

10:40 - 1 سەرماوەز 2725

لە درێژەی هەشەڕە دوولایەنەکانی ڕێژیمی تاران و ئیسرائیل دژ بە یەکتر، کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی پاشەکەوتە مووشکەییەکانیدایە.

 کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە نوێترین ڕاپۆرتی لەمەڕ لەوقاودانی هەوڵە نوێیەکانی ڕێژیمی تاراندا ئاشکرای کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە دەستی بە نۆژەنکردنەوەی پاشەکەوتە مووشەکییەکانی کردووە و مووشەکی زەوی بە زەویی دیکەی بەرهەم هێناوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە وێنە ماهوارەییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەخێرایی لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە سەرەکەییەکانی سووتەمەنی بەستوو "جامێد"دایە کە لە ڕەوتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لەنێو براون.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەو ڕاپۆرتە لە زاری "ئێلێکساندێر گرینگبۆرگ"، بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی: "ئەو بابەتە نابێت گەورە بکرێتەوە چونکە لە دوای لەنێوبردنی ئەو دامەزراوەیە، سروشتییە کە نۆژەن بکرێتەوە بەڵام بەو واتایە نییە لە وەکوو پێشوو چالاک و کارا بێت".

ئەو هەوڵە نوێیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر نۆژەنکردنەوەی بنکە سەربازی و ناوکییەکەکانی لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێدا لە زاری ئێستیڤێن ئێرلێنجێر، سەرنووسەری باڵای کاروباری نێونەتەوەیی ئەو ڕۆژنامەیە نووسیبووی کە بە ئاماژەدان بە دۆخی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هۆشداریی دابوو و نووسیبووی: "ڕێژیمی ئێران لە بنبەستێکی مەترسیداردایە".

"ئێرلێنجێر" هەروەها باسی لەوە کردبوو کە "ئەو بنبەستەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێکەوتووە نە دانوستانێکی تێدایە، نە چاوەدێرییەکی شوێندانەر بەسەر چالاکییە ناوکییەکانیەوە بوونی هەیە و نە ڕوونکارییەک لەبارەی ڕێژەی ڕاستەقینەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو ڕێژیمەوە لەبەر دەستدایە".

لە دوای شەڕ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشەی دژبەیەکی ئەو دوو وڵاتە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، هەواڵدەری، ماڵپەڕ و ڕۆژنامە جیهانییەکان چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە ئەگەری شەڕێکی دیکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادایە.