کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

11:57 - 1 سەرماوەز 2725

ڕۆژی هەینی، ۳۰ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ی هەتاوی، پێنجهەمین کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "کۆنگرەی ژنانی پێشەنگ" و بە دروشمی "پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا دەکەینە هەوێنی خەبات و تێکۆشانمان"، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی ٥ی یەکیەتیی ژنان، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی ‌پێ کرد و خاتوو شلێر مەحموودی، جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنان، بە چەند وتەیەک لەسەر دۆخی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی ئێران و کوردستان و هەروەها ئەرک و ڕەساڵەتی ڕێکخراوێکی بەڕابردووی وەک یەکیەتیی ژنان، پەیامی کردنەوەی کۆنگرەی پێشکەش کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا خاتوو شنە دەرودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنان، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان و پیرۆزبایی گرتنی کۆنگرە لە ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکە، چەند وتەیەکی لەسەر دۆخی سیاسی ژنانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چاوەڕوانییەکانی سەر کۆنگرەکە پێشکەش کرد.

پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن بەڕێز کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبەوە پێشکەش کرا و هەروەها چەپکەگوڵی پیرۆزبایی دەستەی کارگێڕیی حیزب بۆ کۆنگرە، لەلایەن خوشکە خەدیجە مەعزوری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتەوە بە نوێنەرایەتی لە ئەندامانی کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشکەش بە خاتوو شنە درودگەر، سکرتێری ڕێکخراو کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا ئاماژە بە ناوی ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانە کرا کە پەیام و برووسکەی پیرۆزیاییان بۆ کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان ناردبوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن بەڕێز سمایل شەرەفی، بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێشکەش بە کونگرە کرا و هەروەها چەپکەگوڵی پیرۆزبایی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن خاتوو خەدیجە بەهمەن، ئەندامی ئەو ناوەندەوە پێشکەش بە خاتوو شلێر مەحمودی، جێکری سکرتێری یەکیەتیی ژنان کرا.

دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنکرە، نیشاندانی دیکۆمێنتارییەکی تایبەت بە چالاکییەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی یەکیەتیی ژنان بوو.

دوای ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە، ڕەوتی کارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دانی دەنگی ڕەوایی بە کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، دەستی پێ کرد و دوای چەندین کاتژمێر کاری چڕوپڕی پڕ لە باس و لێکدانەوە و ڕەخنە و پێشنیار لەسەر بەڵگەنامەکانی کۆنگرە و ڕاسپاردەکان، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێ بۆ ڕێکخراوەکە، سەرکەوتووانە کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

دوای هەڵسەنگاندن و باسکردن لەسەر پێشنیار، ڕەخنە و تێبینی و ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان کە لە کەشوهەوایەکی تەواو دێموکراتیکدا هاتنە بەر باس، ڕاپۆرتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان بۆ کۆنگرە، بەڵگەنامەکانی کۆنگرە؛ بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی یەکیەتیی ژنان و ڕاسپاردەکان، پەسەند کران.

لە بڕگەی کۆتایی کاری کۆنگرەدا و لە ڕەوتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، نهێنی و دێموکراتیکدا، بە سەرپەرەستی و چاودێریی ناوەندی هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەسڵی و جێگرەکان لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردران و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی تازە هەڵبژێردراو، لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا بە تێکرای دەنگ، خاتوو شنە درووگەری وەک سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژارد.

شایانی باسە پێنجەمین کۆنگرەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو شوێنی جیاواز، بەڵام هاوکات و بە پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتر، بە بەشداریی ئەندامانی هەڵبژێردراو بۆ کۆنگرە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.