لە درێژەی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە کوردستان، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاری سەرجەم بە شەش ساڵ و نیو بەندکران مەحکووم کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، "سەید ڕەحمان حوسێنی" هاووڵاتیی خەڵکی "سیلوێ"ی پیرانشار لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران مەحکووم کرا.
هەروەها دادگای ڕێژیم لە دۆسییەیەکی هاوشێوەدا، "ئەحمەد مام شەریفی" هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی "سیلوێ"ی بە سێ ساڵ بەندکران سزا داوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا و دوابەدوای هێرشی دڕندانە و توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کرابوون.
ڕەحمان حوسێنی و ئەحمەد مام شەریفی هەتا کاتی دەرچوونی حکومەکانیان لە بەندیخانە ڕاگیراون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.