کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی داسەپاندنی دۆسییەی ئینزباتی بۆ سەر خوێندکاران لە ئێران

16:46 - 1 سەرماوەز 2725

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن لە زانکۆکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و لە درێژەی گوشارە لانیزۆرییەکان دژی خوێندکاران، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥ هەزار دۆسییەی ئیزباتی لەدژی خوێندکاران دروست کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراوی خوێندکارانی سەربەخۆ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە درێژەی هەڵسوکەوتە سەرکوتکارانەکانیان لە دژی خوێندکاران، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی نێونجی لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە ٦ دۆسییەی ئینزیباتییان دژی خوێندکاران کردووەتەوە.

ئاماری ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسرەدینی تووسی نیشان دەدات کە بەهۆی ٥ هەزار دۆسییەی ئینزباتیی داسەپاوەوە، خوێندکاران لەگەڵ سزاگەلێک وەک هەڵپەساردن، کەمکردنەوەی پێشینە، دوورخستنەوەی زۆرەملێی خوێندکاری و دەرکران ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

سەپاندنی سزای قورس و ناڕەوا و لە درێژەی ڕەوتی دۆسییەسازیی بەرپرسان و ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم لە دژی خوێندکاران لەکاتێکدایە کە حوسێن سیمایی سەڕاف، وەزیری زانست، توێژینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو کە سزای خوێندکارانی دەرکراو کە ڕێژەیان ٣٠٠ کەس بووە، بە بڕیاری عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم هەڵوەشاوەتەوە.

شایانی باسە یەکێک لە خوێندکارانی دەرکراو ئەو ئیددیعایەی "سەڕافـ"ـی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە "سزای داسەپاوی ئینزباتی ساڵەکانی ١٤٠١ هەتا ١٤٠٣ وەکوو خۆیەتی و هیچ خوێندکارێک نەگەڕێندراوەتەوە زانکۆ".

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕەوتە لە ساڵی ١٤٠٤یشدا هەر بەردەوامە و زۆربەی هەرە زۆری ئەو دۆسییانەی بە سەر خوێندکاراندا سەپاوە کێشەی پێکهاتەیی، یاسایی و پێشێلکاریی مافی بەرگرییان بە ڕوونی تێدا دەبیندرێت.

بە گوێرەی زانیاریی ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ـەوە، لانیکەم ٢٤ خوێندکار بەهۆی دۆسییەسازیی دوو ساڵی ڕابردووەوە، یان دەر کراون یان لە بەرەبەری دەرکراندان.