بەرپرسێکی ئەمنییەتیی پێشووی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هەوڵە سەربازییە نوێیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی بنکە ناوکی و مووشەکییەکانی، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم سەرەڕای هەوڵەکانی توانایی بەرگریی ئاسمانیی هەر لاوازە و ئامادەن وەکوو جاری پێشوو هێرش بکەنەوە سەر هەموو بنکە و دامەزراوەکانی.
سەندیکای هەواڵدەریی یەهوود باسی لەوە کردووە کە وێنە ماهوارەییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات کە بەخێرایی بنکە ناوکی و مووشەکییەکانی نۆژەن بکاتەوە بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی، بچووکترین هەوڵێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی هێزی بەرگریی دژەئاسمانی و پەدافەندەکانی نەداوە هەر بۆیە ئەگەر ئیسرائیل هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانە ئەوە توانای بەرگری و بەرپەرچدانەوەی نییە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێژیمی ئێران ڕێژەیەکی زۆر ئۆرانیۆمی پیتێندراوی شاردووەتەوە یان بۆ شوێنی دیکەی ڕاگواستووە کە ١١ چەکی ناوکی پێ دروست دەکرێت، ئەوەش نیگەرانیی جیددیی ئیسرائیلی لێ کەوتووەتەوە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕێژیمی تاران زۆر زیاتر لە جارانە.