بڵاڤۆکی ئیسرائیل هیۆم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لە دژکردەوە بە هەوڵە نوێیە سەربازی و مووشەکییەکان و هەڕەشەکانی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی هەڕەشە، خۆهەڵکێشان لاواز، بێ توانا، گەندەڵ و خۆخۆرە".
بڵاڤۆکی بەناوبانگی "ئیسرائیل هیۆم" لە ڕاپۆرتێکدا، هەوڵەکانی ڕێژیمی تارانی لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی توانا سەربازییەکان و هەڕەشەکان لە ئیسرائیلی بە "شەڕی ڕەوانی" لە قەڵەم داوە و باسی لەوە کردووە کە ئەو هەوڵانە تەنیا نیشاندانی هێزی ڕواڵەتییە و نێوەرۆکی ئەو ڕێژیمە پێکهاتەییەکی لاواز و گەندەڵی هەیە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە نۆژەنکردنەوەی بنکەی مووشەکی و بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورمەودای ڕێژیم کراوە و لەوبارەوە نووسراوە: "هەرچەند کە ڕێژیمی ئێران هەندێک لە پاشەکەوتە مووشەکییەکانی زیاد کردووە بەڵام بەهۆی لەنێوچوونی لانچێر و سەکۆ مووشەکییەکانی ناتوانێت هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئیسرائیل بێت".
هەروەها ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکە ئیسرائیلییە هەڕەشەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەدژی ئیسرائیلی بە "ئیددیعای پڕوپووچ" و "شەڕی ڕەوانی" لە قەڵەم داوە.
شایانی باسە "ئیسرائیل هیۆم" بەئاماژەدان بە گەندەڵی و لاوازیی پێکهاتەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: "زۆرێک لە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران پاسپۆرتی وڵاتانی ڕۆژاواییان هەیە و لە ڕۆژی تەنگانەدا و لە ئەگەری مەترسییەکی جیددیدا، هەڵدێن".
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەکانی هەر دوو وڵاتی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە دژی یەکتر گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەگەری زۆرە لە داهاتوویەکی نزیکدا شەڕێکی دیکەی هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە ڕوو بدات.