لە درێژەی نوێترین هەوڵە فەرهەنگییەکانی شاعێران، نووسەران و خاوەن قەڵەمەکانی شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری بۆکان پەردە لەسەر کتێبی "خۆری هەرێم" لە نووسینی هادی خودایی لا درا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی کۆمەڵەشێعری"خۆری هەرێم" لە نووسینی هادی خودایی بەبەشداریی شاعێران، نووسەران و فەرهەنگدۆستان و ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شارەکانی بانە، سەردەشت، سەقز و مەهاباد بەڕێوە چوو.
کۆمەڵە شێعری "خۆری هەرێم" بە شێوازی نوێ نووسراوە و لە ٢٣٠ لاپەڕە پێک هاتووە.
"خۆری هەرێم" سێیەمین بەرهەمی شاعیر و نووسەر هادی خوداییە و پێشتریش دوو کۆمەڵەشێعری بە ناوەکانی "سنووری ئەڤین" و "نیوەی مانگ" بڵاو کردووەتەوە.
نووسەران، شاعێران و وەرگێڕان و هونەرمەندانی کوردستان سەرەڕای دەیان بەربەست و سیاسەتی بەرهەڵستکاریی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و هیممەتی ڕێکخراوە فەرهەنگی و کلتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان چالاکیی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و کلتووریی بەسوود و شوێندانەر بەڕێوە دەبەن.