کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرهەمی نوێی وەحید کەماڵی ئیلامی چاپ کران

12:34 - 2 سەرماوەز 2725

دوو بەرهەمی نوێی وەحید کەماڵی ئیلامی نووسەر و لێکۆڵەری وێژەی کوردی لە بواری زاراوەی کوردی باشووردا چاپ و بڵاو کرایەوە.

دوو کتێبی تازە چاپکراوی وەحید کەماڵی ئیلامی بریتین لە "مەسڵەتنامە " و کۆمەڵە شیعری "گوڵباخێ خێاڵ" کە هەردووکیان لەلایەن نووسەرەوە کۆ کراونەتەوە و ڕەوانەی بازاڕی کتێب کراون.

کتێبی "مەسڵەتنامە" لێکۆڵینەوە و کارێکی بەرفراوان لە بواری پەندەکانی کوردیی باشوورە و پەند و وتەی باوی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانی لەخۆ گرتووە.

ئەم بەرهەمە کە بە شێوەزاری کوردیی باشوور بە وەرگێڕانێکی فارسی نووسراوە، زیاتر لە هەشت سەد لاپەڕەی هەیە و دەرئەنجامی زیاتر لە سی ساڵ کاری مەیدانی و کۆکردنەوەی نووسەرە.

کەماڵی لەم کتێبەدا هەوڵی داوە بەشێک لە میراتی زارەکی و ئامۆژگاری نەوەکانی ڕابردوو تۆمار بکات و بیخاتە بەر چاوی لێکۆڵەرانەوە.

بەرهەمی دووەم بە ناوی، کۆمەڵە شێعری "گوڵباخێ خێاڵ"‌‌‌‌ـە، کۆمەڵە شیعرێکی نووسەرە کە بە شێوەی کلاسیک و ئازاد نووسیویەتی.

 ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەم کتێبە شیعری ناڕەزایەتی و ڕۆمانسی و عیرفانی لەخۆ دەگرێت و وەک بەرهەمەکانی تری کەماڵی بە شێوەزاری کوردیی باشوور چاپ کراوە.

وەحید کەماڵی ئیلامی پێشتر چەندین کتێبی لە بوارەکانی ئەدەبی منداڵان، شیعر بە زمانی کوردی و فارسی، وەرگێڕان، و مێژووی خەبات و ڕاپەڕینەکانی کوردستان چاپ کردووە.

ئەم بەرهەمانە بە ئامانجی پاراستنی میراتی زمانەوانی و ئەدەبیی ناوچەی ئیلام و کرماشان چاپ کراون و سەرنجی کۆمەڵگای فەرهەنگییان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.