کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە ترامپ، سەرۆکۆماری ئەمریکا بڕیاری داوە کە ڕێکخراوی ئێخوانولموسلێمین بخاتە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.
ترامپ لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارە بە توندوترین و لێبڕاوانەترین شێوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەڵگەکانیشی خەریکە ئامادە دەبن.
لە بڕیارەکەی ترامپدا هاتووە: ئەم بڕیارە پرۆسەیەک دەست پێ دەکات کە لقەکان یان ژێرخانەکانی ڕێکخراوی ئێخوانولموسلێمین وەکوو ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەرەکی دەناسێنێ کە مەبەست لقەکانی ئەم گرووپە لە لۆبنان، میسر و ئۆردۆنە.
ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دراوە کە یاسادانەرە کۆماریخوازەکان لە کۆنگرەدا، گوشارەکان بۆ بەتێرۆریستی ناسینی ئەم ڕێکخراوەیان بۆ سەر دەوڵەتی ئەمریکا زیاد کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەم بڕیارە پێش بە پشتیوانییە داراییەکان لەم گرووپە لە نێوخۆی ئەمریکا دەگرێت و چوونی ئەندامانی ئەم گرووپە بۆ نێو خاکی ئەمریکاش قەدەغە دەکات.
لەلایەکی ترەوە بڕیارەکە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەگەری هەر چەشنە هەڕەشە یان توندوتیژییەکە کە لەم گرووپە دەتوانێ سەرچاوە بگرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە مانگی مەی زایینیدا ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکۆماری فەرانسەش بە دەوڵەتەکەی ڕاگەیاند کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دزەکردنی ئێخوان لە فەرانسە بەڵگەگەلێک بخاتە ڕوو.
شایانی باسە کە وڵاتی میسر لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە ئەم گرووپەی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆرسیتی ناساندووە و ئۆردۆنیش لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەموو چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەی قەدەغە ڕاگەیاندووە و وێڕای داخستنی نووسینگەکەی، دەستی بەسەر داراییەکانیشیدا گرتووە.
بەرپرسانی ئۆردۆن لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی وەکوو حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان لە هەوڵدان تاکوو ئەندامانی لاو و توندئاژۆی ئێخوانولموسلێمین بە مەبەستی بەکارهێنان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.