سێناتورێکی ئەمریکایی باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەجێگەی دروستکردن ژێرخانی ئاو، چەندین میلیارد دۆلار خەرجی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی، دروستکردنی چەکی ناوکی و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە دەکات.
جان فێرتمەن سێناتوری دێموکراتەکانی ئەمریکا لە هەژماری "ئیکسـ"ـی خۆیدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی چەندین میلیارد دۆلاری لە ڕێگەی دروستکردنی چەکی ناومی و هێزە نیابەتییەکانی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل خەرج کردووە بەڵام بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بێئاوی هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی نەگرتووەتە بەر".
فێرتمەن هەروەها لەو نووسینەیدا بە تانەوە ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە لەوانەش حەماس نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران یان غەززە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرن و لە بیری دەسەڵاتە شکستخواردووەکانی خۆیاندا بن، ئیسرائیل لەجێگەی خۆیدایە و هەڵ نایەت".
ئەو هەڵوێستەی جان فێرتمەن بەنیسبەت قەیرانی بێئاوییە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا گۆشەیەکی دیکە لە قەیرانی بێئاوی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووەتەوە و مەترسییەکی جیددییە لەسەر تەندروستیی گشتی لە ئێران دروست کردووە و لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا، چیتر شارە گەورەکانی ئێران لەوانەش تاران بۆ ژیانکردن گونجاو نین.
هەر لەو پێوەدندییەدا، پێشتریش سەرۆکی دامەزراوەی ئاو، ژینگە و تەندروستیی زانکۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیسبەت قەیرانی بێئاویی ئێران هۆشداریی دابوو و ڕایگەیاندبوو: "شکستهێنان لە چارەسەریی قەیرانی ئاو، توانای کارتێکەریی وڵات کەم دەکاتەوە و جێگە و پێگەی ڕێژیم لە ئاستی جیهانییدا لاواز دەکات".
چەندین دەیەیە کارناسانی ژینگەیی و شارەزایانی بواری ئاوی ژێرزەوینی هۆشداریی جیددییان بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوە کە بەو شێوە بەڕێوەبەرییە لاوازەوە ئێران تووشی قەیرانی جیددیی بێیاوی دەبێتەوە و دەبێت پێش بەو قەیرانە بگیردرێت بەڵام ڕێژیمی تاران نەک هەر لەو بوارەوە هەنگاوی ئەرێنی هەڵنەهێناوەتەوە بەڵکوو خۆی وەدیهێنەری بەشی سەرەکیی ئەو قەیرانەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا نەک هەر گەورەشارەکانی ئێران بەڵکوو زۆربەی پارێزگا و شارەکانی دیکەش بێئاوی تەنگیان پێ هەڵدەچنێت.
وەزارەتی وزەی ڕێژیم لە جیاتی وڵامدانەوەی پرسیاری هۆکاری وێرانبوونی ژێرخان و کەمبوونەوەی پاشەکەوتی بەنداوەکان، جارێکی دیکە بارگرانیی بەرپرسیاریەتییەکەی خستەوە ئەستۆی خەڵک و داوای لێکردن خۆیان تێچووی کڕینی کەرەستەی پاشەکەوتی ئاو دابین بکەن.
کارناسان هۆشداری دەدەن کە قەیرانی ئێستا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی هەڵەی دروستکردنی بەنداو و دەرهێنانی لەڕادەبەردەر لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و ناڕوونی لە بەڕێوەبردنی ئاودایە.