کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی ئیسرائیل لە ڕێژیمی تاران

11:41 - 4 سەرماوەز 2725

لە درێژەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکتر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە نوێترین دەرکەوتنیدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل ئەگەر پێویست بکات بە شێوەی شوێندانەر ئەوەی پێویست بێ  لەدژی ڕێژیمی تاران دەیگرێتە بەر.

یائیر لاپید سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بە هەواڵدەریی جی ئێن سی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە هەڕەشەکانی بەردەوام بێت، ئیسرائیل بە شێوەی کاراتر و شوێندانەرانەتر هەوڵەکانی خۆی لەدژی ڕێژیمی تاران دەخاتە گەڕ".

بە وتەی ئەو بەرپرسەی پێشووەی ئیسرائیل، ئەگەر وڵاتەکەی بە پێویست بزانێت لە مافی خۆی لە بەرانبەر بەرنامەی ناوکی و مووشەکی بالستیک کەڵک وەردەگرێت.

لاپید لە دانیشتنی حیزبەکەیدا ئاماژەی بە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و وتوویەتی: "ڕێژیمی تاران هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهان. ئەو کێشەیە تەنیا تایبەت بە ئیسرائیل نییە بەڵکوو کێشەیەکی جیهانییە".

ناوبراو بەنیسبەت مەترسییەکانی مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کردووە کە "مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی تاران هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە، بۆیە ئەو هەڕەشەیە بەرۆکی ئەمریکا، عەرەبستان، وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائلی گرتووەتەوە".

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل پێداگریی لەسەر ئەوە کردووتەوە کە لەهەر دۆخێکدا بەرگری لە خۆی دەکات و لە هەوڵی پێویستدا، لێبڕاوانە لە هەموو مافێکی بەرگریی خۆیان کەڵک وەردەگرن.

پێشتریش بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەرکام لە وەزیری بەرگری و بەرپرسانی ئەمنییەتیی باڵای ئەو وڵاتە لەمەڕ چالاکییە مووشەکی و ناوکییەکانی ڕێژیمی تاران هۆشدارییان داوە و هەڕەشەی هێرشی دیکە و شەڕی نوێیان لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە.