کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆشداماویی ڕێژیمی تاران لەمەڕ فرۆشتنی نەوت؛ چین وەک پێشوو کڕیاری نەوتی ڕێژیم نییە

10:25 - 5 سەرماوەز 2725

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ترۆئیکای ئورووپا بەمەبەستی جیبەجێکردنی گوشارە لانیزۆرییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە ٥٢ میلیۆن بەرمیل نەوتی ڕێژیم لەسەر ئاوی دەریاکان ماوەتەوە و چیتر چین وەکوو پێشوو ئامادە نییە سەرەڕای داشکاندنی گەورە کڕیاری نەوتی ڕێژیمی تاران بێت.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی سەرماوەز، هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژەی نەوتی خاوی پاشەکەوتی ڕێژیمی تاران بەسەر ئاوەکانەوە بەنیسبەت دوو ساڵ و نیوی ڕابردوو گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و بە خۆبواردنی چین لە کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران، تاران گەورەترین کڕیاری خۆی لە دەست دا.

بلۆمبێرگ لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە ئاماری شیرکەتی کەشتیوانیی "کەپلێر" زیاتر لە ٥٢ بەرمیل نەوتی خاوی ئێران لەنێو تانکەری کەشتییەکاندا بەبێ کڕیار ماوەتەوە و زۆربەیان لە نزیکی مالێزیدا لەنگەریان گرتووە.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە سەرگەردانیی نەوتی ڕێژیم لەسەر ئاوەکانەوە ڕێژیمی ناچار کردووە کە هەتا ئاستێکی کەم داشکاندنی بۆ بکات و بەنیسبەت هەر بەرمیل نەوتی "برێنتـ"ـەوە ٨ دۆلار نرخی دابەزاندووە.

کارناسان باس لەوە دەکەن کە ڕەوتی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا پەرەی سەندووە و لە ماوەی ڕابردوودا نرخی هەر بەرملیلێک نەوتی "برێنت" پتر لە ١٥ لەسەد دابەزیوە و ئەوەش ڕاستەوخۆ شوێندانەری لەسەر نرخی نەوتی ڕێژیمی تاران داناوە.

شایانی باسە سزاکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا زۆربەی لەنگەرگە گرنگەکانی چین لەوانەش لەنگەرگەی "ڕێژائۆ"ی گرتووەتەوە و ئەو لەنگەرگە بە یەکێک لە گرنگترین بنکەکانی هاوردەکردنی نەوتی ئێران بە ئەژمار دێت و ئەوەش بووتە هۆی دابەزینی ئاستی کڕینی نەوتی ڕێژیمی تاران لەلایەن گەورەترین پاڵپشت و هاوپەیمانی ڕێژیمی تارانەوە.