ڕۆژی سێشەممە، ٤ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی، بەبۆنەی ۲٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، کۆمیتەی زاگرۆسی سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ ئەندامانی کۆمیتەکە ڕێک خست.
سێمینارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ژنانی ڕزگاریخواز دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز کەنێرە مێهفەر بۆ کردنەوەی سێمینارەکە چەند وتەیەکی سەبارەت بە توندوتیژی و مێژووی ناودێرکردنی ٢٥ی نۆڤامبر پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دواتر خاتوو گەلاوێژ پەیڕەوان، کادری سیاسیی حیزبی دێموکرات و کۆڕگێڕی سێمینارەکە باسەکەی خۆی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای ئاماژە بە ٢٥ی نۆڤامبر وەک بۆنەیەکی جیهانی، توندوتیژییەکان دژی ژنانی لە چەند لایەنەوە خستە بەر باس.
بەڕێز پەیڕەوان باسەکەی گرێ دا بە دۆخی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانەوە و باسی لە هەوڵ و چالاکیی ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان کرد.
ناوبراو لە کۆتاییدا پەرژایە سەر گرینگیی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و تیشکی خستە سەر ڕێوشوێن و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی جۆرەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان و ئەو ستەم و جیاوازی و نایەکسانییانەی کە بەرانبەریان کراوە.
سێمینارەکە بە ڕەخنە و پرسیاری بەشداربووان و وڵامەکانی بەڕێز پەیڕەوان کۆتایی پێ هات.