کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی دێموکرات لە قەڵادزێ

16:05 - 5 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە یەکی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک محەممەد عەزیزی کوڕی عەبدوڵڵا و ناسراو بە حەمە پۆڵا پاش چەند مانگ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی سەخت لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.

حەمە پۆڵا لە گوندی "شۆڕان"ی ناوچەی پشدەر لە بنەماڵەیەکی شەریف و کاسبکار لە دایک بوو.

هەلومەرجی ئەو سەردەمەی کوردستان دەرەتانی پێ نەدا بخوێنێ و لە گەورەساڵی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین بوو.

کاک محەممە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی بەڕەسمی بووە ئەندامی حیزبی دێموکرات و بە هۆی زیرەکی و چالاکییەکانی تەنیا دوو ساڵ دواتر، واتە ساڵی ١٣٤٣ لە کۆنفرانسی ناوچەی سەردەشتی حیزب بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوچە و ئاسۆیەکی بەربڵاوتری بۆ هەوڵ و خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ ڕەخسا.

ئەو کە بۆ خۆی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵانی هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان بوو، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ چین و توێژە هەژار و دەستکورتەکانی ناوچە هەبوو و خاوەنی نفووز و خۆشەویستییەکی تایبەتی بوو.

ناوبراو خاوەنی بەهرەیەکی شاعیرانەش بوو و شێعرەکانیشی لەبەر ئەوەی ئاوێنەی ویست و گیروگرفتەکانی زەحمەتکێشانی کورد بوون و بە زمانی ئەوانیش دەنووسران و لەنێو چینە بێ بەشەکانی کورددا لایەنگریان زۆر بوو. ئەو کە ڕقێکی یەکجار زۆری لەو کوردانە بوو کە دەبوونە داردەستی کاربەدەستانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار، بە زمانێکی ساکار و ڕەوان لەدژیان دەدوا و بەخەڵکی دەناساندن.

جێگای باسە کە لەگەڵ ئەوەی لە دواساڵەکانی تەمەنیدا لە کار و چالاکیی ڕێکخراوەیی دابڕابوو، هەمیشە لەگەڵ ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەژیا و پەیوەندیی گەرمی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزب بەتایبەتی ئەندامە دێرینەکانی حیزب هەبوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.