کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هەناردەکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و جیهان بەردەوامە

16:17 - 5 سەرماوەز 2725

بە گوێرەی زانیارییەکانی کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی لە جیهان و ناوچەکە بەتایبەت و بەمەبەستی بەهێزکردنەوەی دەستوپێوەندییە دۆڕاو و لاوازەکانی، بەچڕی لە هەوڵی هەناردەکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ لوبنان، یەمەن، عێراق و ئەفریقایە.

لە ڕاپۆرتی کاناڵی ١٤ی ئیسرائیلدا ئاماژە بە کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی دووهەم گەورە بەرپرسی حیزبوڵڵای لوبنان کراوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێکاری نوێی لەبەرانبەر ئیسرائیلدا گرتووەتە بەر و سەرەڕای زیانی قورسی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی، پێداگرە لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی هێز و توانای سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و دەستوپێوەندییەکانی دیکە لە ناوچەکە.

هەروەها کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران لەپاڵ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕاگواستنی کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، هێزی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکان، پەرەپێدان بە تۆڕی سیخوڕی و هەوڵی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە دەرەوەی سنوورەکانی خستووەتە گەڕ.

شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی سەرماوەز، نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە باشوورییەکانی بەیرووت، هەیسەم عەلی تەباتەبایی، کەسی دووهەمی حیزبوڵڵا و سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا کراوەتە ئامانج و کوژراوە" و ئەوەش بە گەورەترین گورزی ئیسرائیل لە حیزبوڵڵا و زیانی گیانیی ئەو گرووپە دوای ئاگربەست بە ئەژمار دێت.

هەروەها یێسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە دوای کوژرانی ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندبوو کە "ئێمە هەوڵە لێبڕاوەکانمان بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە هەڕەشە لە دژی باکووری وڵات و هەموو وڵاتەکەمان درێژە پێ دەدەین، هەر کەسێک دەست لەسەرمان بەرز بکاتەوە، دەستی دەبڕین".

شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە کاتێکدا کە ئاگربەستی فەرمی لە نێوان هەردوو لادا جێگیرە لە سنوورەکانی باشووری لوبنان هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕێژیمی تاران ڕووی لە پەرەسەندنە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی دارایی و چەکوچۆڵ لە حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە قەڵەم دەدرێت، ئەو گرووپانە بە بەشێک لە میحوەرەی مقاومەت لە دژی ئیسرائیل دەزانێت و بە پاڵپشتیی لۆجستیک و ڕاهێنان و هەواڵگری، بەشیک لە توانای سەربازییەکانی خۆی هەتا ئێستا پاراستووە.