ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٦/١١/٢٠٢٥)، لە درێژەی چالاکییەکانی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات، شەهێن زادئەحمەد بەرپرسی پێوەندییەکان لە وڵاتی فینلاند، چاوێکەوتنێکی لەگەڵ پارلەمانتار یوهان کوارنسترۆم لە پارلمانی ئەو وڵاتە ڕێک خست.
مەبەست لەو دیدارەدا بە دواداچوون لەسەر کردنەوەی دیسکی کورد لەناو پارلەمانی ئەو وڵاتە و هەروەها هێنانە بەرباسی چەند بابەتێکی گرینگ و پێوەندیدار بە کوردانی دیاسپۆرا، زانیاری لەسەر بەشێک لە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لەسەر یەک پلانی کاری هاوبەش بوو و چەند پێشنیاری تازەش باس کران.
لەبەر گرینگیی باسەکە، بەڕێز یوهان کوارنسترۆم داوای لە دوو پارلەمانتار بە ناوەکانی ماتیاس مەکونێن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و پێتر ئۆستمان لە حیزبی دێموکرات مەسیحی بێن کرد تاکوو لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بن.
شایانی باسە لە لایەن هەر سێ پارلەمانتارەکەوە، پێشنیار و داواکارییەکانی بەشی پێوەندییەکانی حیزب بە ئەرێنی وەرگیران و بەڵێنی هاوکاری و پشتگیری لە بابەتە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت چالاککردنەوەی دیسکی کورد لەنێو پارلەمانی فینلاند درا.