لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ٥ و ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاویدا، هەژدەیەمین فۆرۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی کەمینە نەتەوەییەکان بەڕێوە چوو.
بۆ یەکەمین جارهەیئەتێکی ڕێژیمی ئێران پێکهاتوو لە چەند کەسی کورد و بەلووچ بەشدارییان لەم فۆرۆمەدا کرد.
کەماڵ حوسێنپوور، نوێنەری ڕێژیم لە خولی ١١ و ١٢ی مەجلیسدا، لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی ئەم فۆرۆمەی کرد و بە ناساندنی خۆی وەکوو نوێنەری نەتەوەی کورد باسی لە پرسی کورد لە ئێراندا کرد و بە زمانی فارسی دەستی بە پاساوهێنانەوە بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.
هەیئەتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون و وتاری خۆیان پێشکەش کرد.
شنە ڕەزابی ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ لە وتارەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ لەو باوەڕەدایە کە تاکوو کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی تۆتالیتاریانەی دەوڵەتی فارس – شیعە دروست نەکات و کۆتایی بە سیاسەتی بە ئەمنییەتکردنی پرسی نەتەوەکان نەهێنێ، بونیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە ئیمکانی نییە.
بەڕێز ڕەزابی بە ئاماژە بە بەشداریی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژنێڤ بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕاستییەکان و بەلاڕێدابردنی ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان تاکوو دێت خراپتر دەبێت و ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم ٣٠٠ هاووڵاتیی کوردی لە سێدارە داوە، جگە لەوەش زیاتر لە ٢٠٠ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی رێژیم گیانیان لەدەست داوە.
ڕەزابی بە ئاماژە بە مێژووی کوردستان لە پلۆرالیسمی سیاسی، ڕێکخراوی مەدەنی و هەروەها خەباتی بەردەوام لەپێناو بەدیهاتنی دێموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان باسی لەوە کرد کە کوردستان ئەکتەری سەرەکیی ئاڵوگۆڕەکان لە چوارچێوەی ئێرانە.
شنە ڕەزابی ڕۆڵی کوردستانی لە کۆکردنەوە و پێکەوەهەڵکردنی نەتەوە جیاجیاکان و کەمینەکان، ئایینەکان و گرووپە پەراوێزخراوەکان بە گرینگ زانی و وتی: کوردستان نەک تەنها لە چوارچێوەی ئێراندا، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرەوپێشبردن و بونیاتنانی دیسکۆرسی هەمەلایەنتر و لێبوردەتر ڕۆڵی بەرچاوی هەیە.
بەڕێز ڕەزابی ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەمانەش، ڕۆڵی کورد لە بونیاتنانی ئاشتی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز لەلایەن ڕاگەیاندنی ڕۆژاوایی و بڕیاردەرانی سیاسی و تەنانەت ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، یان بایەخی پێ نەدراوە یان چاوپۆشی لێ کراوە و ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردنی خواستی نەتەوەی کورد بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەمەلایەنتر و لامەرکەزی و ئاشتیخواز لە ئێران بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقی هەیە.سایانی باسە کە بۆ یەکەمین جار هەیئەتێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتوو لە چەند کەسی کورد و بەلووچ بەشداری ئەم فۆرۆمە بوون.
نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ بە ئاماژە بە بەردەوامیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سەندیکاکانی مامۆستایان و کرێکاران، گرووپ و ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و چەندین ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن. هەر بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ڕێپۆرتەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، دەوڵەت ئەم چالاکیی و جووڵانەوانەی بە زیادکردنی سەرکوت وڵام داوەتەوە تاکوو پێش بە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی کاریگەرییەکانیان لە سەرتاسەری وڵاتدا بگرێت.