کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٨ ئەندامی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە تەنیا لە یەک حەفتەدا

10:53 - 13 خەزەڵوەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەیەکی ئیسرائیلی، ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا زیاتر لە ٨ ئەندامی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج و بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل ئەندامانی ئەو گرووپە، لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکان و توانای هێرشبەرییەکانی حیزبوڵڵا ڕۆڵی سەرەکییان بووە.

دامەزراوەی ئاڵما کە ناوەندێکی توێژینەوە و پەروەردەیی ناحکوومیی سەربەخۆی ئیسرائیلە ڕایگەیاند: "لە ڕێکەوتی ٥ هەتا ١١ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ٨ ئەندامی چالاکی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی تاران لە چەند ئۆپەراسیۆنی وردی ئەرتەشی ئیسرائیلدا کراونەتە ئامانج و لەنێو براون.

بەپێی زانیارییەکانی "ئاڵما"، سەرۆکی تیمی تەدارۆکاتیی یەکەی ڕزوان و ٥ ئەندامی دیکەی ئەو یەکەیەی حیزبوڵڵا لەنێوان کوژراواندان.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لەو ماوە زەمەنییەدا چەند ژێرخانی سەربازیی گرنگ و دەیان دامەزراوەی حیزبوڵڵای لەنێو بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوە ئیسرائیلییە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل لانیکەم ٤٠ هەتا ٥٠ هێرشی بەربڵاوی بۆ سەر ئەو گرووپە بەڕێوە بردووە.

 هێرشە چڕوپڕەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە کە ئەو گرووپە هەوڵەکانی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی جبەخانەکان، بەهێزکردنی هێزە لاوازەکانی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی چڕتر کردووەتەوە.

یەکەی "ڕزوان" کە سەرەتا وەکوو "هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا" چالاکی دەکرد، یەكێک لە یەکە سەربازییە بەرچاوەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی لوبنان بە ئەژمار دێت و پێئەسێردراوی تایبەت، هێرشکردنی خێرا، ڕاهێنانی تایبەت بە سیخوڕەکان، شەڕی شەوانە، دانانی کەمین، ڕێنوێنیی تیمە بچووکەکانی دیکە، ئامادەکردن و دروستکردنی توونێلەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو گرووپەدایە.