کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جی ستریت: شەڕی دووەمی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی توندتر دەبێت

11:54 - 13 خەزەڵوەر 2725

ڕێکخراوی ''جی ستریت''، ڕێکخراوێکی لیبراڵی لایەنگری ئیسرائیل لە ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریی داوە کە ئەگەری شەڕی دووەمی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل نەک هەر مومکینە، بەڵکوو بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەکارییەکانی هەر دوو لایەن بۆ خولی داهاتوو، چڕتر دەبێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هیچ ڕێککەوتنێک یان ئاگربەستێکی نووسراوی فەرمی نییە و دەڵێت: بەردەوامیی ئارامیی تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بەوە هەیە کە ئایا دۆناڵد ترامپ دەتوانێت بێنیامین نێتانیاهوو لە کردەوەی نیزامی ڕابگرێت، تێڕوانینێک کە ڕەنگە تەنیا لە کورتخایەندا کاریگەر بێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئیسرائیل ئێستا بەشێوەیەکی تایبەتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران بە یەکەم شەڕی ئێران ناو دەبەن و پێیان وایە لە خولی داهاتوودا هێرشەکان بە شێوەیەکی هێرشبەرانەتر لەسەر بەرنامەی مووشەکی و پێکهاتەی حکوومەتی ئێران چڕ دەبێتەوە.

سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند: ''تاران هەوڵ دەدات لە چوونە ناو شەڕێکی دیکەی ناوچەکە ڕێگری بکات، بەڵام ئەگەری شەڕێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل زۆر لە سەرێیە.

ڕاپۆرتی جی ستریت باس لەوە دەکات کە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییە ئەتۆمییەکانی ئێران و وڵامدانەوەی توند بۆ مێکانیزمی ماشە، دەتوانێت دیپلۆماسی لاواز بکات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران دوور بخاتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی تاران وای کردووە کە گەڕانەوە بۆ بەرجام تا ڕادەیەکی زۆر نامومکین بێت و پێشکەوتنە ناوکییەکانی ئێرانیش بەشێکی زۆری بەهای بەرجامی بۆ ڕۆژاوا لەنێو بردووە.

بەو حاڵە جی ستریت ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بە زۆر دەزانێت، بەڵام پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە دەبێت جیاواز بێت لە ڕێککەوتنی بەرجام و وێڕای ڕەچاوکردنی پێشکەوتنە ناوکییەکان و پرسە ئەمنییەکانی وەک بەرنامەی مووشەکیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکان، پێویستە وڵاتانی ناوچەکەش لەوانە ئەندامانی هاوکاریی کەنداو، بگرێتەوە.