بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان ڕایگەیاند کە بۆ ڕێکخستنی سیستمی ئاوەڕۆی شارەکە زیاتر لە ٦ هەزار و ٦٠٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە؛ ژمارەیەکی قورس کە ڕەنگدانەوەی ساڵانێک لە پشتگوێخستن و خراپ بەڕێوەبردنی ژێرخانی شارەکان نیشان دەداتەوە.
بە وتەی ناوبراو، تەنیا ٣٢ لەسەدی ئاوی پیسی کرماشان پاک دەکرێتەوە و ئەوەی دیکەش دەچێتە ناو ڕووباری قەرەسوو و ئاوشۆران؛ دۆخێک کە جگە لەوەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو ژینگە پیس دەکات، مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتییانیش دروست دەکات.
سەرەڕای دەستپێکردنی دروستکردنی وێستگەی دووەمی پاڵاوگە لە ساڵی ١٤٠١دا، پێشکەوتنی گشتی هێشتا نەگەیشتووەتە ٤٥ لەسەد و تەواوبوونی تا ساڵی ١٤٠٥ دەخایەنێت؛ دواکەوتنێک کە بە کردەوە بە واتای بەردەوامبوونی قەیرانی ژینگەییە.
لەکاتێکدا بەرپرسان باس لە "پێشکەوتووترین پرۆسەکانی پاکردنەوەی ئاو لە جیهاندا" دەکەن، بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکە هێشتا لە تۆڕێکی ستانداردی ئاوەڕۆ بێبەشن.
نەبوونی پلانی درێژخایەن، تەرخانکردنی نادروستی بوودجە و پشتگوێخستنی ژێرخانە گرینگەکان، کرماشانی کردووە بە یەکێک لە پیسترین شارەکان؛ ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەو شارە لەجیاتی بەڵێندان هەنگاو نەنێن، ڕژانی ئاوەڕۆ بۆ ناو بناری ڕووبارەکان هەروا بەردەوام دەبێ.