کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتنەوەی دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئومید سەرلەکدا

11:59 - 13 خەزەڵوەر 2725

لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئومید سەرلەک لاوی خەڵکی شاری ئەلیگوودەرزی لوڕستان کە چەند کاتژمێر دوای سووتاندنی وێنەی ڕێبەری ڕێژیم لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژرا، خەڵکی ئەو شارە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" و دروشمگەلی دیکە دژی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەرمی ئەو لاوەیان بە خاک سپارد.

بەپێی ڤیدیۆ بڵاوبووەکانی نێو ڕایاڵە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر لە شاری ئەلیگوودەرز لە پارێزگای لوڕستان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئومید سەرلەک بەڕێوە چوو کە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە دروشمی "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، "نەمان بۆ خامنەیی" و  چەند دروشمی دیکەیان وتووەتەوە.

تەرمی ئومید سەرلەک ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر دوای چەند کاتژمێر دوای سووتاندنی وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی و لەکاتێکدا کە شوێنی چەند گولـلە بە جەستەیەوە دیار بووە، دۆزرابوویەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە سپای پاسداران، کوژرانی ئەو لاوە لوڕستانییەی بۆ خۆکوژی لەپێوەندی لەگەڵ دڵداری و خۆشەویستی گەڕاندووەتەوە و لەو بارەوە نووسیویەتی: "پێشتریش ناوبراو هەوڵی خۆکوژی داوە".

ئەو ڕاپۆرتەی هەواڵدەریی "فارس" لەکاتێکدایە کە ئیبراهیم ئێسحاقی کەسایەتیی وەرزشی و دیاری لوڕستان و یەكێک لە هاوڕێ نزیکەکانی "نەوید ئەفکاری" و "ئەمین بەزرگەر"، لە گرتەڤیدیۆیەکدا ئەو ئیددیعایەی ڕەت کردەوە و مردنی ناوبراوی بە "گوماناوی" لە قەڵەم دا.