کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: ئێران نابێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات

12:58 - 13 خەزەڵوەر 2725

یەکیەتیی ئورووپا جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی ڕوونی خۆی لە دژایەتیکردنی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران کردەوە.

ئەنوەر ئەلعەنونی وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئورووپا ڕایگەیاند کە هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بەم بابەتە نەگۆڕاوە و ئێران نابێ خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت یان هەنگاو بنێت بۆ پەرەپێدان و بەدەستهێنانی.

ئەلعەنونی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ''ئەلعەرەبیە'' ڕایگەیاند کە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆسییەی ناوکیی ئێراندا لە پەیوەندی بەردەوامدایە.

ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕوانگەی یەکیەتیی ئورووپاوە، زۆر گرینگە ئێران بە بەڵێنییەکانی لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و دەستپێکردنەوەی هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێبەند بێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئورووپا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە دانوستان و دیپلۆماسییە. بە وتەی ناوبراو یەکیەتیی ئورووپا لە ئاسانکاری دانوستانەکاندا درێژە بە ڕۆڵی خۆی دەدات و لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تارانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بەردەوام دەبێت کە لەگەڵ بڕیارەکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوتەریب بێت.

ئەم هەڵوێستەی ئورووپا لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ئێران لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "بە هێزێکی زیاترەوە"یە.